باج دەخرێتە سەر هاوردەکردنی هەنار و سێو

رووداو دیجیتاڵ

"بۆ ساخکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆ" لەمڕۆوە لە سنوورکانی هەرێمی کوردستانەوە باج دەخرێتە سەر هاوردەکردنی بەرهەمەکانی هەنار و سێو. باج خستنەسەر هاوردەکردنی سێو تاوەکو سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم و هەناریش تاوەکو 15ـی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت. 
 
بەپێی خشتەنامەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، لەمڕۆ (سێشەممە، 15-8-2023)ـوە بۆ هاوردەکردنی کیلۆیەک سێو بەهەموو جۆرەکانییەوە، بڕی 750 دینار باج دەسەپێندرێت و، ئەو رێکارەش تاوەکو رۆژی 1-12-2023 بەردەوام دەبێت.
 
هەروەها بەبڕی 600 دینار باج دەخرێتە سەر هاوردەکردنی هەر کیلۆیەک هەنار و ئەو رێکارەش لە رۆژی 15-8-2023ـوە تاوەکو رۆژی 15-12-2023 بەردەوام دەبێت.
 
هیوا عه‌لی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەپێی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان خشتەیەکی رێکخستووە بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەپێی ئەو خشتەیە و بەپێی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵی، باج لەسەر هاوردەکردنی بەرهەمەکان لە دەرەوە بەبڕی جیاواز دادەنرێت."
 
روونیشیکردەوە "خشتەکە لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کشتوکاڵەوە پەسەندکراوە و مامەڵە لەگەڵ هاوردە و هەناردەکردن دەکات، ئەوەش لەپێناو پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و ساخکردنەوەیانە لە بازاڕەکاندا."
 
ساڵانە لەنێوان 10 بۆ 15 هەزار تۆن سێو لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێندرێت، هەروەها نزیکەی 50 بۆ 60 هەزار تۆن هەناریش بەرهەمدەهێندرێت و بەشێکی هەردوو بەرهەمەکەش هەناردە دەکرێن.
 
هاوردەکردنی بەرهەمەکان لە دەرەوە ساڵانە کێشە بۆ جووتیاران دروستدەکات و کاریگەریی لەسەر دابەزینی بەهای بەرهەمی خۆماڵی هەیە و جووتیاران ناچاردەبن بە نرخی هەرزانتر بیفرۆشن. ئەمەش لەکاتێکدایە؛ ئێستا چەند بەرهەمێکی هەرێمی کوردستان وەک هەنار و پەتاتە، هەناردەی دەرەوە دەکرێن و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت پلانی هەیە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی دیکە و بەبڕی زیاتر.