قەرزەكەی بەڵێندەران لەلای حكومەت گەیشتە 4 ملیار دۆلار

رووداو- هەولێر

بەهۆی نەبوونی بودجە، بەشێك لە پڕۆژەكان لە هەرێمی كوردستان بە قەرز بەڕێوەدەچن، بەشێكی دیكەشیان لەلایەن بەڵێندەرانەوە راگیراون. سەرۆكی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان دەڵێت نزیكەی 4 ملیار دۆلار قەرزیان لای حكومەتە و هەندێك لە بەڵێندەرانیش مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاندووە. هیچ كاتێكیش بۆ دانەوەی قەرزەكانیان دیاری نەكراوە.

یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان زیاتر لە 3 هەزار ئەندامی هەیە (1346 لە هەولێر، 1046 لە سلێمانی، 600 لە دهۆك و 36 بەڵێندەریش لە گەرمیان).

ئەو پڕۆژانەی كە بەڵێندەران لە هەرێمی كوردستاندا جێبەجێیان دەكەن، بریتین لە پڕۆژەكانی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و شیرینیی گرێبەستەكانی نەوت و پڕۆژەكانی وەزارەتی پلاندانان كە لە ساڵی 2008 ەوە 2932 پڕۆژە كاریان تێدا ماوە و بایی نزیكەی 13 ملیار دۆلارن. سەرۆكی یەكێتی بەڵێندەران دەڵێت حكومەت نزیكەی 4 ملیار دۆلاری بەڵێندەرانی لەلایە.

دوای چەندینجار ناڕەزایی دەربڕین و گردبوونەوە و داواكاری پێشكەشكردن، هێشتا كێشەكانی بەڵێندەران چارەسەر نەكراون كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە پێشینەكانیان راوەستاوە. هەندێك لە بەڵێندەران بەهۆی ئەوەی ناتوانن پارەی وەستا و كرێكارەكان بدەن، تووشی كێشەی كۆمەڵایەتی هاتوون.

پڕۆژەكان كە پێشتر بە قەرز بەڕێوەدەبران، ئێستا زیاتر لە نیوەیان وەستێنراون، هەندێك لە بەڵێندەران ئیفلاس بوون و پڕۆژەكانیان راگرتووە، بەڵام خۆیان ئاشكرا ناكەن.

رزگار جەمال، سەرۆكی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان دەڵێت "لە 8/4/2014 ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا كە 40%ی پێشینەكانمان بدەنێ، ئەم بڕیارەش تاوەكو 12/4/2014 جێبەجێ كرا و دواتر وەستا. دووبارە لە 5/6/2014 دەستیپێكردەوە و لە 10/6/2014 وەستێنرا، جگە لەمەش 120 رۆژ لە ماوەی پڕۆژەكان لێخۆشبوونمان بۆ كرا، هەروەها چەند بەڵێندەرێك لە سلێمانی حیساباتی كۆتاییان بۆ كرا و چەكیان بۆ كرا، كە پارە هات پارە وەربگرن، بەڵام ئێستا ئەو چەكەش راگیراوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە بەهۆی دواكەوتنی پێشینەكانیان، هەندێك لە بەڵێندەران تووشی گرفتی كۆمەڵایەتی بوون "لە سلێمانی بەڵێندەرێك كە قەرزێكی زۆری لەسەر بوو هەوڵی خۆكوشتنی دا، بەڵێندەرمان هەیە ماڵە خەزوورانی هاتوون ژنەكەیان بردووەتەوە و گوتوویانە قبوڵ ناكەین لات دابنیشێ، شەڕ روویداوە لەگەڵ بەڵێندەر بەهۆی قەرزارییەوە".

بە بڕوای رزگار جەمال، ئەمە وا دەكات بەڵێندەر سومعەی بشكێت لەنێو خەڵكدا. ئومێد مەسعود نەقشبەندی، بەڕێوەبەری یاسایی لە دەستەی باڵای بەڵێندەران دەڵێت "پڕۆژەكان بە قەرز بەڕێوەدەچن بەپێچەوانەی بەڵێندەرانی دونیا ئێمە قەرز لە كارگە و هاوڕێیانمان دەكەین و لەسەر سیقە قەرزمان پێدەدەن".

ئومێد گوتیشی "بەڵێندەر ناتوانێت بڵێت مایەپووچ بووم و رایبگەیەنێت، چونكە هەم حكومەت و هەم خەڵكیش قەرزەكانی خۆیان دەوێتەوە و كەسایەتیشی لەكەدار دەبێت".

سەرۆ دزەیی، سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی بەڵێندەران دەڵێت ئێمە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەداین پێشینەكانمان پێبدەن و بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانان كۆبووینەتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا پارەی تەواومان وەرنەگرتووە و بەڵێندەرانیش فشاری زۆریان لەلایەن قەرزارانەوە لەسەرە و تووشی كێشە بوون.

ئومێد نەقشبەندی دەڵێت "بەشێكی كۆمپانیاكان ئیفلاسیان كردووە، بەڵام رایناگەیەنن و پڕۆژەكانیان راگرتووە، بەشەكەی دیكەی بەڵێندەرانیش كە كار دەكەن، كارەكانیان زۆر سستە و كاری دوو رۆژ بە مانگێك دەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە قازانجی پڕۆژەكان بەو شێوەیە نین كە بتوانین بە قازانجی پڕۆژەیەك زەرەری پرۆژەیەكی دیكە پڕ بكەینەوە".

رۆژانە بەڵێندەران پەیوەندی بە سەرۆكەكەیانەوە دەكەن و دەڵێن خاوەن قەرزەكان تەنگیان پێهەڵچنیون. رزگار دەڵێت "رۆژانە بەڵێندەران پەیوەندیم پێوە دەكەن، بەڵام ئێمە بەگشتی رەچاوی بارودۆخەكە دەكەین و بێدەنگین، تاوەكو ئێستاش هیچ بڕیارێكی تازە نییە سەبارەت بە چارەنووسی پڕۆژەكان و بەڵێندەران". رزگار گوتیشی" خۆم دوو پڕۆژەم هەیە كە یەكێكیان بایی 306 ملیۆن دینارە و 100% تەواو بووە و هیچ پێشینەیەكیم وەرنەگرتووە، پڕۆژەی دووەمم بایی 3 ملیۆن دۆلارە و 20%ی تەواو بووە، بەهۆی پێنەدانی پێشینە بە ناچاری پڕۆژەكەم راگرتووە".

(رووداو) پەیوەندی كرد بە دلێر تارق، گوتەبێژی وەزارەرتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، بەڵام ناوبراو گوتی پەیوەندی بە بەڵێندەرانەوە بكەن، ئەوان ئاگاداری هەموو شتێكن.

داواكاری بەڵێندەران لە حكومەت:

1- درێژكردنەوەی ماوەی تەواوكردنی پرۆژەكانیان.
 2-  قەرەبووی ئەو خەرجییانەی كە بەردەوامن، وەكو خەرجییە كارگێڕییەكان.
3- دروستكردنی ژووری عەمەلیات لە حكومەت و بەڵێندەران، بۆ ئەوەی لەكاتی روودانی كێشەی تازەدا چارەسەری پێویستی بۆ بدۆزرێتەوە.