چاودێریی دارایی عێراق کۆتایی ئەم هەفتەیە راپۆرتی وردبینیی لیستی مووچە ئامادە دەکات

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان وردبینییان لە لیستی مووچەی وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانی کوردستان تەواوکردووە و هیچ کێشەیەک لە لیستی میلاکان و مووچەی ئەو دوو دامەزراوەیە نییە، کۆتایی ئەم هەفتەیە بۆ هەردوو دیوانەکە دیاریکراوە بۆ وردبینیکردنی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و ئەو دامەزراوانەی ماون.
 
چاودێریی دارایی عێراق و کوردستان تا کۆتایی ئەم هەفتەیە راپۆرتی کۆتایی ئامادە دەکەن.
 
هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ یەکشەممە، 15ـی تەممووزی 2024، "دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان سەردانیان کردین بۆ وردبینیکردن لە لیستی میلاکات و مووچە، دەرکەوت هیچ کێشەیەک لە لیستەکانی ئێمەدا نییە و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق دانیان بەوەدا نا کە کێشەمان نییە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لیژنە هاوبەشەکەی دیوانی چاودێریی دارایی هەردوو حکومەتی ناوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان، وردبینیی لیست و میلاکاتی وەزارەتی کارەباشیان کردووە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ماون، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە کاری لێژنەکە تەواو بێت و بە ئەگەری زۆرەوە هەفتەی داهاتوو مووچەی ئەو شوێنانە خەرج بکرێت.
 
دیوانی چاودێری لە هەردوو حکومەت دوای ئامادەکردنی راپۆرتەکەیان؛ رادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی دەکەن و بەپێی ئەو زانیارییانەی بە رووداو دراوە، لە ژمارەی فەرمانبەران، لیستی مووچە، هیچ کێشەیەک لە وەزارەتی کارەبا و پەرلەمان کە مووچەی مانگی حوزەیرانیان وەرنەگرتووە نییە.
 
لە رۆژی دووشەممە، 8ـی ئەم مانگەوە شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە هەولێرە و وردبینی لیستی مووچە و میلاکات دەکات، بەتایبەت لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی کوردستان.
 
تەیف سامی بۆ بانکەکانی حکومەت: دواین زانیاریمان لەسەر بەجێکردنی مووچە پێبدەن
 
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، رۆژی 11ـی ئەم مانگە لەسەر داوا و نووسراوێکی پەرلەمانتار سۆران عومەر، نووسراوێکی بۆ بانکەکانی حکومەتی عێراق "رەشید، رافیدەین، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کردووە، داوای لێکردوون  لەبارەی بەجێکردنی مووچەوە دوایین زانیاری و پێشهاتەکانیان پێڕابگەیێنن."
 
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری عێراق لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت: "ئەو نووسراوە بەدواداچوونە بۆ پرسی بەجێکردن کە دەبێت لە بانکەکانی حکومەتی عێراق بەپێی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی بکرێت، ئەو نووسراوە دەیسەلمێنێت هێشتا رژدبوون لەسەر بەجێکردنی مووچە لە بانکەکانی حکومەتی عێراق هەیە."
 
ئەو پەرلەمانتارە داوای کردووە وردەکاریی زیاتریشی پێبدرێت کە بەجێکردنی مووچە لەو بانکانە بە چی میکانیزمێک دەکرێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 14-07-2024، لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن تیمێکی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە وردبینی لە لیستەکانی مووچەدا کرا، "پێشبینی دەکەین ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی پێنج و شەشی هێزە ئەمنییەکان بنێردرێت."
 
بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵی کە لە 21ى شوبات دەریکرد، حکومەتى هەرێمى کوردستانی پابەندکردووە بە رێگەدان بە وردبینیکردنى لیستى مووچەخۆران لەلایەن دیوانى چاودێریى دارایی عێراقەوە، بەڵام بەهۆی هەندێک تێبینی لەسەر ناو و ژمارەی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانەوە، لە مانگەکانی رابردوودا، ناردنی مووچەکانیان دواخراوە.
 
11ی تەممووز، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای پەیوەندیی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بڕیاردراوە پارەی ئەو دوو مووچەیە بۆ هێزە ئەمنییەکان خەرج بکرێت کە بۆ مانگەکانى ئایار و حوزەیرانە.
 
مووچەی هێزە ئەمنییەکان مانگانە زیاتر لە 345 ملیار دینارە، بەو جۆرەش دەبێت عێراق بۆ ئەو دوو مووچەیە نزیکەی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە