هێرشی سەر ترەمپ نرخی نەوتی برێنتی دابەزاند

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت دوای تەقەکردن لە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دابەزی.
 
هێرشکردنە سەر دۆناڵد ترەمپ، نادڵنیایی سیاسی لە ئەمریکا زیاد کردووە، ئەوەش بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە، بەو هۆیەشەوە نرخی نەوت دابەزیوە.
 
یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 55 سەنت دابەزی و بە 84 دۆلار و 48 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 56 سەنت دابەزی و بە 81 دۆلار و 65 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی دووشەممە، لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا، پێنوێنی دۆلار بەرامبەر دراوە سەرەکییەکانی جیهان بەرزبووەوە.
 
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هێرشی سەر ترەمپ چانسی بردنەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا زیادکردووە و ئەوەش بە قازانجی دۆلار شکاوەتەوە."
 
هەفتەی رابردوو نرخەکانی نەوت بە ریژەی زیاتر لە 1% دابەزین، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی خواستی چین بۆ بەکاربردنی نەوت.
 
قەبارەی هاوردەکردنی نەوت لەلایەن چینەوە لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا بە ریژەی 2.3% دابەزیوە بۆ رۆژانە 11.05 ملیۆن بەرمیل.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە