وەزارەتی کشتوکاڵ: ئەمساڵ یەک ملیۆن تۆن بەرهەمی سەوزە و میوەمان دەبێت

15-07-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەرهەمی ئەمساڵی سەوزە و میوەی هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن دەبێت، ئەوەش زیاتر دەبێت لە خواستی نێوخۆیی. دەشڵێت، هەردوو وەزیرانی کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستان رێککەوتوون کە "بازاڕی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ بەرهەمی نێوخۆیی جووتیاران ببێتە بازاڕێکی هاوبەش".
 
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە هەرێمی کوردستان بەگوێرەی رۆژنامەی کشتوکاڵی، وادەی پێگەیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و ئاژەڵییەکان دیاریکراوە، هەروەها بەگوێرەی رۆژنامەی کشتوکاڵی، وادەی قەدەخەکردن و هاورەدکردنی ئەو بەرووبوومانەش دیاریکراوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەماوەی رابردوودا رێککەوتن لەنێوان هەردوو وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە بۆ ئەوەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەکاتی پێویستدا هەناردەی بازاڕەکانی یەکدی بکرێن.
 
لەماوەی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی و سەوزە و میوەی کوردستان بۆ وڵاتان کردووە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "ئێستا رێککەوتنێکمان لەگەڵ ئیمارات هەیە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیارانی کوردستان. کاردەکەین بۆ ئەوەی بەرووبوومی پەلەوەری هەناردەی وڵاتانی کەنداو و ئیمارات بکەین."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتیشی، لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی قەیرانی داراییەوە بودجەی وەزارەتی کشتوکاڵ راگیرا، کە ئەوەش وایکرد ئەو پارەیەی بۆ یارمەتیی کشتوکاڵی بەردەست نەبێت، بۆیە داوایان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بودجەی وەزارەتی کشتوکاڵ بگەڕێندرێتەوە.
 
هیوا عەلی گوتی: "ئەمساڵ نزیکەی 50 هەزار جووتیار دانەوێڵەیان چاندووە و ئەمساڵ زیاتر لە ملیۆنێک تۆن سەوزە و میوە بەرهەم دەهێنرێت و لە خواستی نێوخۆیی زیاترە." گوتیشی، "42 بەروبوومی کشتوکاڵیمان هەیە و لە زۆرینەیان گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی، بەرهەمی پەلەوەریش ئاستی خۆبژێوی تێپەڕاندووە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی

بۆچى پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێش سەری ساڵ نەنێردرا؟

نەناردنى ئەو پارەیە پێش کۆتایی ساڵ، پەیوەندیی بە کێشەى نەختینەوە هەبووە لە هەژمارى وەزارەتى دارایی عێراق دا، ئەویش بەهۆى زیادبوونى خەرجییەکانى لەکۆتایی ساڵدا، کە تەنیا خەرجییەکانی مانگى تشرینى یەکەم، بەراورد بە مانگەکانی پێشتر 50% زیادیان کردووە.