كردنەوەی دەروازەیەك لە نێوان رۆژئاڤا و شنگال لەسەر ئاڵای سووریا راوەستاوە

15-07-2019
ناسر عەلی
نیشانەکردن رۆژئاوای کوردستان شنگال سووریا
A+ A-

رووداو- دهۆك

لە گوندی بارای سەر بە قەزای شنگال، سوپای عێراق و هێزەكانی هەسەدە ئامادەكارییان كردووە بۆ كردنەوەی دەروازەیەكی فەرمی لە نێوان شنگال و رۆژئاڤای كوردستان، بەڵام حكومەتی عێراق مەرجی هەیە و داوای لە هەسەدە كردووە ئاڵای سووریا لە دەروازەكە بەرز بكرێتەوە، بەرپرسێكی رۆژئاوای كوردستانیش دەڵێت تاوتوێی داواكارییەكەی حكومەتی عێراق دەكەین.


سێ مانگ پێش ئێستا سوپاسالاری عێراق و ژمارەیەك بەرپرسی هەواڵگریی عێراق سەردانی قەزای شنگالیان كرد، ئەوكات لەگەڵ هێزەكانی هەسەدە رێككەوتن كە دەروازەیەكی سنووری لە گوندی بارای سەر بە كۆمەڵگای خانەسۆر لە ناحیەی سنوونێ‌ بكرێتەوە. دوای ئەو رێككەوتنە، هەردوولا لەلای خۆیانەوە دەستیان بە ئامادەكاری و دابینكردنی پێداویستییەكانی دەروازەكە كرد.

خودێدا جوكێ، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ‌ بە وەكالەت كە فەرماندەیەكی حەشدی شەعبیشە لە شنگال و ئاگاداری وردەكاریی رێككەوتنەكەیە، بە (رووداو)ی راگەیاند: "رێككەوتن بۆ كردنەوەی دەروازەیەك لە نێوان عێراق و سووریا سێ‌ مانگ لەمەوبەر لە شنگال كراوە. مانگێكە حكومەتی عێراق كابینە و هەموو پێداویستییەكی ئەلیكترۆنی بۆ پشكنینی ناسنامە هێناوەتە سەر سنوور، لەلایەن سووریاشەوە هێزەكانی هەسەدە هەموو ئامادەكارییەكیان تەواو كردووە".

دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014، هێزەكانی یەبەشە لە شنگال ئەو دەروازەیەیان بەشێوەیەكی كاتی و نایاسایی كردبووەوە، بەڵام دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر سوپای عێراق و حەشدی شەعبی چوونە ئەو دەروازەیە و دایانخست.

سەبارەت بە هۆكاری دواكەوتنی كردنەوەی ئەو دەروازەیە، خودێدا گوتی: "ئەوەندەی ئێمە ئاگادار بین، هەموو ئامادەكارییەكی كردنەوەی دەروازەكە لە هەردوو لاوە تەواو بووە، بەڵام حكومەتی عێراقی دەڵێت دەبێ‌ ئاڵای سووریا لە دەروازەكە هەبێ‌ و هەسەدەش تاوەكو ئێستا بەو داواكارییە رازی نەبووە، بۆیە كردنەوەی دەروازەكە دواكەوت". بەقسەی بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ‌، هەسەدە بە لایەنی عێراقی گوتووە كە ئەوان هێزێكی فەرمین و پێویستیان بە هەڵكردنی ئاڵای هیچ لایەنێكی دیكە نییە".

ئاڵدار خەلیل، بەرپرسی پەیوەندییەكانی تەڤدەم و ئەندامی دەستەی جێبەجێكاری تەڤدەم ئەوەی پشتڕاستكردەوە كە حكومەتی عێراق ئەو داوایەی لێكردوون. سەبارەت بە جێبەجێكردنی ئەو داوایەش، ئاڵدار خەلیل بە (رووداو)ی گوت: "ئەو داوایەی عێراق قابیلی هەڵسەنگاندن و گەنگەشەكردنە، ئێمە گەنگەشەی دەكەین و بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدەین".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی سنووریی مێهران

لە 8 مانگدا هەناردەی دەروازەی سنووریی مێهران زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بووە

بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە 8 مانگدا لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە بە بەهای زیاتر لە ملیارێک دۆلار شتومەک هەناردەی وڵاتان کراوە