پارە لە بەغداوە گەیشت و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، حکومەتی عێراق 400 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە یەکشەممەی داهاتوو (18-6-2023) دەستدەکرێت بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 5ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
بۆ دابینکردنی مووچەی مانگێکی مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ئەو وەزارەتە پێویستی بە 940 ملیار دینارە.
 
رۆژی چوارشەممە 14ـی حوزەیرانی 2023، حەمید نەعیم غزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، نووسراوی خەرجکردنی 400 ملیار دینارەکەی بۆ هەرێمی کوردستان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق و هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین کردبوو و پارەکە ئەمڕۆ خراوەتە سەر هەژمارە بانکییەکەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
سێشەممەی رابردوو، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، هەرکاتێک 400 ملیار دینارەکەی بەغدا بگاتە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی لە داهاتی نێوخۆ بۆ مووچە دانراوە، وەزارەتی دارایی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات.
 
گەیشتنی 400 ملیار دینارەکە لەکاتێکدایە، رۆژی 14-05-2023، دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان دەستیپێکرد و رۆژی 31ـی هەمان مانگ، بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە کۆتاییهات.