رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندی ئەمریکا بڕیاریدا سوودی بانکی بەرزنەکاتەوە، بەڵام سەرەڕای دابەزینی رێژەی هەڵاوسان لە مانگی رابردوو، رایگەیاندووە هێشتا تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ پێویستیان بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکییە بۆ ئەوەی هەڵاوسان دابەزێنن بۆ ئەو ئاستەی مەبەستیانە.
لە دوای 10 جار بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، بانکی ناوەندی ئەمریکا دواجار ئێوارەی رۆژی چوارشەممە (14-6-2023) بڕیاریدا سوودی بانکی بەرزنەکاتەوە و لە ئاستی 5٪ تاوەکو 5.25٪ جێگیری بکات.
جێرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە دوای راگەیاندنی بڕیاری بانکەکە لەسەر سوودی بانکی، رایگەیاند، وەستاندنی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، بەهۆی ئەوەیە ئەوان پێیان وایە دەبێت زانیاری زیاتر و ئاماری زۆرتریان پێبگات تاوەکو بەرچاویان روون بێت سەبارەت بەوەی چۆن گۆڕانکاری لە سیاسەتی نەختینەدا بکەن.
بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەلایەن چاودێران و شارەزایانی ئابوورییەوە پێشبینیکراو بوو.
سەرەڕای ئەوەی بانکی ناوەندی ئەمریکا سیاسەتێکی تووندی نەختیی گرتووەتەبەر، بەڵام هێشتا رێژەی هەڵاوسان لەو ئاستەدا نییە کە بانکەکە مەبەستییەتی.
بانکی ناوەندی ئەمریکا هەروەها پێشبینیکردووە، گەشەی ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆتایی ئەمساڵدا بۆ رێژەی 1٪ دابەزێت.
دەقی گوتەکانی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا:
بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەی؛ ئێمە تاوەکو ئێستا سیاسەتی نەختیی تووندمان گرتووەتەبەر، هەروەها لەبەر ئەو کاریگەرییانەی سیاسەتی نەختی لەسەر ئابووری دایدەنێت، بڕیارماندا سوودی بانکی لەنێوان 5٪ تاوەکو 5.25٪ بەجێگیری بهێڵینەوە. جگە لەوەش کڕینی پشکەکان و قەواڵەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمدەکەینەوە... زۆربەی ئەندامانی کۆمیتەی سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندی، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ پێویستە سوودی بانکی جارێکی دیکە بەرزبکەینەوە، بەڵام لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیارمان نەدا تاوەکو چەند و بە چ رێژەیەک لە داهاتوودا ئەو کارە بکەین، بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاترمان هەبێت زانیاری زیاتر وەربگرین و زیاتر کاریگەرییەکانی سیاسەتی نەختی لەسەر ئابووری بۆمان دەربکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ