نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرزبووەوە بۆ 2360 دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەردەوامی دا بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی رابردووی خۆی و یەک ئۆنسە بە 2360 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەرزبوونەوەی نرخی زێر لەکاتێکدایە کە ئامارەکانی پەیوەست بە کەرتی کۆفرۆشی و نرخی بەرهەمی کارگەکانی ئەمریکا ئاشکرایان کرد، نرخەکان زیاتر لە ئاستی پێشبینییەکان بەرزبوونەتەوە.
سەرەڕای ئەوە، سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا دابەزی و ئەوەش دابەزینی بەهای دۆلاری لێکەوتەوە. دابەزینی بەهای دۆلار دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و کانزاکانی دیکە.
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە گوتارێکیدا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، پێیوایە هەڵاوسان بەرەو دابەزین دەڕوات. گوتیشی، سەرەڕای ئەوەی کە سوودی بانکییان لە ئاستێکی بەرزدا هێشتووەتەوە، بەڵام بازاڕی کار بە بەهێزی ماوەتەوە و چاوەڕوان دەکەن، گەشەی ئابووریی ئەمریکا لە سەرووی 2٪ بمێنێتەوە.
کریستییەن بۆرجۆن، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە پلاتفۆڕمی ( ئێف ئێکس ستریت) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ئەگەر کڕیاران وەک دوو رۆژی رابردوو بتوانن کۆنترۆڵی بازاڕ بەدەستەوە بگرن، بە ئەگەری زۆرەوە بە ئاسانی دەتوانن نرخی زێڕ تاوەکو 2378 دۆلار بەرزبکەنەوە".