نرخی نەوت بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 83 دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەرزبووەوە.
 
نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 34 سەنت بەرزبووەوە و بە 82 دۆلار و 71 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 38 سەنت بەرزبووەوە و بە 78 دۆلار و 39 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئاگرێکی گەورە نزیکدەبێتەوە لە ناوچەی ( فۆرت ماک مێری)، ئەو ناوچەیە نەوتی کەنەدای لێ بەرهەم دێت و مەترسیی دروستکردووە بۆ 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوت. ئەو ناوچەیە دوو لەسەر سێی کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی کەنەدا پێکدەهێنێت. ئەمەش مەترسیی دروستکردووە لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە.
 
بەپێی هەندێک سەرچاوە لە پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، پێشبینی دەکرێت قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا دابەزینی بەخۆوە بینی بێت. ئامارە فەرمییەکان دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە بڵاودەبنەوە.
 
پێشبینی دەکرێت قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل کەمیکردبێت.
 
ناوەندی لێکۆڵینەوەی بانکی ئۆسترالی-نیوزلاندی، ئاماژە بەوە دەدات "ئەگەری دابەزینی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا پاڵپشتی بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە."
 
لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تانکەکانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک، ئەو شوێنەی کە یەک ملیۆن ئاوارە و دانیشتووی فەلەستینی تێدا دەژین لە رەفەح. بەردەوامیی ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەراست، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.