لیژنەی باڵای هاوئاهەنگیی عێراق و ئەمریکا جەخت لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای هاوئاهەنگیی نێوان عێراق و ئەمریکا راگەیێندراوێکی هاوبەشی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پەیوەندیی دوولایەنە و رۆڵی عێراق لە ئاسایشی ناوچەکە کردەوە. شاندی هەردوولا جەختیان لە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کردەوە.
رۆژی دووشەممە، 15ـی نیسانی 2024، لیژنەی باڵای هاوئاهەنگیی عێراق و ئەمریکا لە واشنتن کۆبوونەوە. محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان سەرۆکایەتیی شاندی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە سەرۆکایەتیی شاندی ئەمریکای کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکە، "هەردوولا خواستی خۆیان بۆ فراوانکردنی پانتایی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵاتەکانمان دەربڕی، لەنێویاندا لە بواری سەربەخۆیی وزە، چاکسازیی دارایی، خزمەتگوزاری بۆ گەلی عێراق، بەهێزکردنی دیموکراسی و یاسا و بەهێزکردنی پەیوەندیی کولتووری و پەروەردەیی."
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوو.
سەفین دزەیی: محەممەد شیاع سوودانی لەگەڵ ئەوەیە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە. pic.twitter.com/AFZytF7rXi
— Rudaw (@Rudawkurdish) April 15, 2024
لە کۆبوونەوەکەدا باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی باشووری کوردستانیش کراوە و وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەردوولا جەختیان لە گرنگیی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا کردەوە".
دیلان غەفور، سەرۆکى لێژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمانى عێراق و ئەندامى شاندەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەنتۆنى بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای کرد هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێبکاتەوە؛ ئەوە کاریگەرى لەسەر کارکردنى کۆمپانیاکانى بوارى نەوت دەبێت لە هەرێمى کوردستان و عێراق."
کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوئاهەنگیی عێراق و ئەمریکا لە واشنتن. کۆبوونەوەکە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکرێت و دوو ئەندامی کورد بەشدارن.
— Rudaw (@Rudawkurdish) April 15, 2024
وێنە؛ دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن pic.twitter.com/32v1M1WiTh
لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "شاندەکانی ئەمریکا و عێراق ئەو تێڕوانینەیان هاوبەشی پێکرد کە عێراق توانایەکی زۆری بەکارهێنانی سەرچاوەی گازی سرووشتی، وەبەرهێنان لە ژێرخانی نوێی وزە و وزەی نوێبووەوە و بەدەستهێنانی ئامانجی خۆبژێویی وزەی هەیە."
عێراق و هەرێمی کوردستان بە گازی سرووشتی دەوڵەمەندن. لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەو بابەتە کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە "توانایەکی گەورەی گاز لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە" و هەردوو شاندەکە "یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی نوێیان راگەیاند بۆ پرۆسێسکردنی هەڵمی گازی بەکارهاتوو و گۆڕینی بۆ کارەبای بەکارهێندراو بۆ گەلی عێراق".