گەنەڵ ئینێرجی: یەدەگی نەوتی کێڵگەکانی تاوکێ و تەقتەق کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی کە لە چەند کێڵگەیەکی هەرێمی کوردستان کار دەکات، راپۆرتی نیوەی دووەمی ساڵی رابردووی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، یەدەگی نەوتی کێڵگەی تاوکێ و تەقتەق بەرەو کەمبوونەوە چووە.
گەنەڵ ئینێرجی لە راپۆرتەکەیدا کە 14ـی ئاداری 2024، بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات، لە کۆتایی چارەکی دووەمی ساڵی رابردوو یەدەگی نەوتی کێڵگەی تاوکێ بە 326 ملیۆن بەرمیل نەوت خەمڵێندراوە. لەکاتێکدا، لە هەمان ماوەی ساڵی 2022 یەدەگی نەوتی کێڵگەکە بە 327 ملیۆن بەرمیل خەمڵێندرابوو.
بەو پێیەش، یەدەگی نەوتی کێڵگەکە یەک ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە.
سەبارەت بە کێڵگەی نەوتی تەقتەقیش، کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، لە کۆتایی چارەگی دووەمی ساڵی رابردوو، یەدەگی کێڵگەکە 23.4 ملیۆن بەرمیل بووە، ئەوە لەکاتێکدایە، لە ساڵی 2022، یەدەگی نەوتی کێڵگەکە 23.9 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە، ئەوەش واتە یەدەگی نەوتی کێڵگەکە 500 هەزار بەرمیل کەمیکردووە.
گەنەڵ ئینێرجی یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی لە سەرەتای دەستپێکردنی پیشەسازیی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان دەستی بە وەبەرهێنان کرد.
رۆژی 25ـی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا.
بەگوێرەی کۆمەڵەی ئەپیکور، ئەو بڕیارە تائێستا نزیکەی 11 ملیار دۆلار زیانی بە هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە.
لە دوای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان، بەرپرسانی لایەنی پەیوەندیداری عێراق و تورکیا چەند جارێک دانوستاندنیان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە.