گەورە بانکێکی ئەمریکی: دەکرێت نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 2500 دۆلار

15-03-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پێشبینییەکان بە ئاڕاستەی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ درێژەیان هەیە و لە نوێترین پێشبینیدا، بانکی جەی پی مۆرگان پێشبینی دەکات، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 2500 دۆلار.
 
رۆژی پێنجشەممە، 14-3-2024، ناتاشا کانێڤا، سەرۆکی بەشی توێژینەوەی کاڵاکان لە بانکی جەی پی مۆرگانی ئەمریکی رایگەیاند: "پێمانوایە ئەگەر هەیە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 2500 دۆلار."
 
رۆژی هەینی، 8-3-2024، نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوو و یەک ئۆنسە بە 2195 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. 
 
کانێڤا دەشڵێت، ئاساییە نرخی زێڕ بگاتە بەرزتر لەو ئاستەش، چونکە "بازاڕ مەیلی کاردانەوەی لەڕادەبەدەری هەیە".
 
ئەو بەرپرسەی جەی پی مۆرگان گوتیشی، بۆ ئەوەی زێڕ بگاتە 2500 دۆلار، دەبێت هەڵاوسان لە ئەمریکا بەردەوام بێت لە دابەزین و بێکاریش زیادببێت، جگە لەوەی کە دەبێت بانکی ناوەندیی وڵاتەکە دڵنیایی بدات لەوەی بە راستی سوودی بانکی کەمدەکاتەوە.
 
پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکات، ئەوەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە بەرژەوەندیی زێڕ دەشکێتەوە، چونکە بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود، نرخی دۆلار دادەبەزێت، بەوەش خواست لەسەر زێڕ و کاڵاکانی دیکە زیاد دەبێت.
 
سێشەممە، 12-3-2024، وەزارەتی کاری بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا لەسەر ئاستی ساڵانە، هەڵاوسان بۆ 3.2٪ بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا لە مانگی پێشتردا 3.1٪ بوو.
 
بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئامانجیەتی هەڵاوسان بۆ 2٪ دابەزێنێت. 
 
رێژەی هەڵاوسان بووەتە گەورەترین لەمپەر لەبەردەم بانکی ناوەندیی ئەمریکا؛ پێشتر پێشبینی دەکرا لە ئاداری ئەم ساڵدا بانکی ناوەندی دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکات، بەڵام لە مانگی کانوونی یەکەمی 2023ـدا هەڵاوسان گەیشتە 3.4٪، ئەوەش وایکرد پێشبینییەکان دوابخرێن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە