ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: داهاتی نەوتی رووسیا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە دەڵێت، بەهۆی سزاکانی ئەوروپا و ئەمریکا، داهاتی نەوتی رووسیا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رۆژی چوارشەممە، 15.3.2023، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، مانگی رابردوو داهاتی هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ 11 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار کەمبووەتەوە، بەوەش بەراورد بە مانگی یەکی ئەمساڵ، دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلار دابەزیوە.
ئاژانسەکە لە دوایین راپۆرتی خۆی لەبارەی بازاڕی نەوت دەڵێت، چاودێریی ئەوە دەکەن ئاخۆ ئێستا کە نرخێکی دیاریکراو لەسەر نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیا دانراوە، خواست لەسەر بەرهەمەکانی ئەو وڵاتە دادەبەزێت یان نا.
ئاژانسی وزە باس لەوەش دەکات، بەراورد بە ساڵی رابردوو، لەمساڵدا فرۆشی نەوتی رووسیا 45٪ دابەزیوە.
نێوەڕاستی مانگی رابردوو ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاندبوو، پێدەچێت "جەنگی نەوتی رۆژئاوا" دژی رووسیا کاریگەرییان لەسەر ئەو وڵاتە هەبووبێت، هەرچەندە لە مانگەکانی رابردوودا ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی رووسیا زیادببوو.
بەرپرسانی ئۆکراینا بەردەوام داوا لە سیاسەتڤانانی رۆژئاوا دەکەن لە رێگەی بەئامانجگرتنی داهاتی نەوتەوە گوشارە داراییەکان لەسەر مۆسکۆ زیادبکەن، ئەوەش بە مەبەستی هاوکاربوون لە سەرکەوتنی کیێڤ.
سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی گرووپی حەوت (G7) نرخی بەرمیلێک نەوتی رووسیایان بە 60 دۆلار دیاریکرد و نەوتی بە بۆریی هەناردەکراوی ئەو وڵاتەیان قەدەخەکرد. رۆژی 5ـی مانگی رابردووش هاوردەی بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیایان قەدەخەکرد.