رێژەی بێکاری لە بەریتانیا بۆ ئاستی پێش سەرهەڵدانی کۆرۆنا دابەزی

 
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی بەریتانیا رایگەیاند، رێژەی بێکاری لەو وڵاتە بۆ پێش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڤید-19 دابەزیوە. وەزیری دارایی ئەو وڵاتە پێشوازی لە ئامارەکە دەکات و دەڵێت "بازاڕی کار لە دۆخێکی باشدایە".
 
بەپێی ئەو ئامارانەی نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، رێژەی بێکاری لە بەریتانیا ئەمساڵ بۆ 3.9% دابەزیوە، کە پێشتر لە کۆتایی ساڵی 2021 رێژەکە 4.1% بووە، بەو شێوەیەش رێژەی بێکاری لەو وڵاتە بۆ پێش سەرهەڵدانی کۆرۆنا دابەزیوە.
 
ریشی سوناک، وەزیری دارایی بەریتانیا پێشوازی لەو ئامارە دەکات و دەڵێت، ئاسودەیە بەوەی کە بازاڕی کار "لە دۆخێکی باشدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگارییە هەنوکەییەکانی جیهان".
 
نیگەرانی هەیە لەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە جیهاندا، هەروەها قەدەخەی هاتووچۆ لە چەند ناوچەیەکی چین بەهۆی سەرهەڵدانی ئۆمیکرۆنەوە ببێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ بۆ بووژانەوەی ئابووریی جیهان.
 
نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی بەریتانیا دەڵێت، ژمارەی دەستی کاری بەریتانی 275 هەزار زیادیکردووە و لە مانگی شوباتدا گەیشتووەتە 29.7 ملیۆن، کە ئەوەش ئاستێکی نوێیە.
 
بەپێی ئامارەکانی نووسینگەکە، لە مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە تاوەکو شوباتی 2022 لانیکەم ملیۆنێک و 318 هەزار هەلی کار لەو وڵاتە رەخسێندراوە، ئەوەش بەراورد بە هەمان ماوەی پێشتری کە ملیۆنێک و 213 هەزار هەلی کار بووە، زیادیکردووە.
 
بەریتانیا رووبەڕووی بەرزترین رێژەی هەڵاوسان بووەتەوە لە ماوەی نزیکەی 30 ساڵی رابردوودا.