هەڵبژاردنی هۆڵەندا کاریگەری لەسەر بازاڕە داراییەکان دروستکردووە

رووداو - هەولێر

ئەم هەفتەیە بازاڕە داراییەکان پشێویەکی زۆریان پێوە دیار دەبێت، پێنج کۆبوونەوەی بانکی ناوەندی و لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی هۆڵەندا هەیە، لەو رووداوانەدا، دووانیان زۆرترین کاریگەرییان لەسەر بازاڕە داراییەکان دەبێت.

دەقی گوتەکانی خارالامپۆس پیسرۆس، شرۆڤەکاری دارایی لە کۆمپانیای ئایرۆن لەبارەی بازاڕە داراییەکان:

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی هۆڵەندا یەکێک لە کاندیدەکان کە لایەنگرییەکی زۆری پەیداکردووە بەم دوایانە خیرت ویڵدەرسە، ئەم کاندیدە سەر بە پارتی راستڕەوی ئازادییە، کۆتایهێنان بە وەرگرتنی کۆچبەرانی موسڵمان و بانگەوازکردن بۆ دەرچوونی هۆڵەندا لە یەکێتی ئەوروپا هاوشێوەی بەریتانیا بڕبڕەی پشتی کەمپینەکەی ویڵدەرسە، لەبەر ئەوە بازرگانان بە ئەگەرێکی زۆرەوە چاوێکیان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی هۆڵەندایە، کە دەتوانێت مەترسی زیاتر لەسەر یەکێتی یەکێتی ئەوروپا و بازاڕی یەکگرتووی ئەوروپا دروستبکات.

ئێمە پێمانوایە کە ئەگەری سەرکەوتنی ویڵدەرس لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر لاوازە، پارتەکەی ویڵدەرس پێویستی بەوەیە کە زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی وێڵدەرس ببێتە سەرۆکی حکومەتی هۆڵەندا. بەپێی دواین راپرسییەکانیش هیچ پارتێکی ئەو وڵاتە ناتوانێت زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، ئەمەش بەو واتایە دێت کە هاوپەیمانیێتییەکی نێوان پارتەکان پێویستە بۆ ئەوەی حکومەتی هۆڵەندا پێکبهێنرێت، تەنانەت ئەگەر لە حاڵەتێکدا ویڵدەرس سەرکەوتنیش بەدەستبهێنێت، ئەوا پێویستی بە پاڵپشتی پارتەکانی دیکەیە بۆ ئەوەی بتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، ئەمەش مەحاڵە چونکە سەرکردەی سەرجەم پارتەکانی دیکە دووپاتیان کردووەتەوە کە ئامادەنین لەگەڵ ویڵدەرس کاربکەن.

گریمان ئەگەر ویڵدەرس توانی ئەم کارەش بکات، هێشتا پێویستی بەوە دەبێت لەخانەی سەرووی پەرلەمان زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت داوای راپرسی بکات بۆ جیابوونەوەی هۆڵەندا لە یەکێتی ئەوروپا، لە بیریشتان نەچێت پارتەکەی ویڵدەرس ئێستا لە خانەی سەرووی پەرلەمان لە کۆی 75 کورسی تەنیا 9 کورسی بەدەستەوەیە، لەبەر ئەوەیە سەرکەوتنی ویڵدەرس بۆ وەرگرتنی دەسەڵات کارێکی مەحاڵە.

بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی هەڵبژاردنەکانی هۆڵەندا لەسەر بازاڕ بزانین، دەبێت ڕەچاوی ئەوە بکەین کە جیاوازی نێوان سوودی قەواڵە داراییە حکومییەکانی ئەڵمانیا و هۆڵەندا کەمبووەتەوە بۆ 10 خاڵ، ئەوەش بەو واتایە دێت کە بازاڕەکان نیگەران نییە لە هەڵبژاردنەکانی ویڵدەرس و پارتەکەی، هەر لەبەر ئەوەشە ئێمە پێشبینی ناکەین کە گۆڕانکاری خێرا رووبدات ئەگەر هاتوو ویڵدەرس سەرنەکەوت.

سەبارەت بە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەکانیش، پێشبینی دەکەین یۆرۆ بەردەوامبێت لەبەرزبوونەوەکانی رابردووی، تاوەکو ئەوە کاتەی بانکی فیدراڵی ئەمریکا بڕیار لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەدات.
سیناریۆیەکی دیکە ئەوەیە، ئەگەر هاتوو ویڵدەرس براوەی هەڵبژاردنەکان بوو تەنانەت نەشتوانێت کە حکومەت پێکبهێنێت، ئەوا هەر خودی سەرکەوتنەکەی دەبێتە هۆی بەهێزبوونی کەمپەینی راستڕەوەکانی فەڕەنسا کە مارین لۆپێ نوێنەرایەتی دەکات.

بۆ ئەو بازرگانانەی کە مامەڵە بە یۆرۆشەوە دەکەن، دەبێت ئاگاداری ئەوەبن ئەگەر هاتوو لە هەڵبژاردنەکانی هۆڵەندا ویڵدەرس سەرکەوتووبوو، ئەوا بەهای یۆرۆ روو لە دابەزین دەکات.

دووەم گرنگترین رووداوەکانی ئەمڕۆ کۆبوونەوەکەی بانکی فیدراڵی ئەمریکایە، لە ماوەکانی رابردوو ئامارە ئەرێنییەکانی ئەمریکا دەریخست کە کاتی بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی هاتووە،پێشبینیش دەکرێت بە زۆرینەی دەنگی ئاندامانی بانکەکە،ئەمڕۆ گەنجینەی فیدراڵی رێژەی سوودی بانکی بەرزبکاتەوە.

تەنیا یەک خاڵی گرنگ دەمێنێت کە دەمەوێت باسی لێوە بکەم  و دەبێت ئێوە زۆر ئاگاداری بن، ئەگەر بێت و  بانکی فیدراڵی بەهەمان ئەو رێژەیە سوودی بانکی بەرزبکاتەوە کە بازاڕەکان پێشتر چاوەڕوانی بوون، ئەوا پێشبینی دەکرێت بەرزکردنەوەکە کاریگەرییەکی کەمی لەسەر بازاڕ هەبێت چونکە پێشتر بازاڕ کاریگەربوو بە هەواڵەکە.

پێداچوونەوە: حەکیم داود