دادگەی باڵای فیدراڵی: یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە

15-02-2022
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن دادگەی باڵای فیدراڵی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی باڵای فیدڕاڵی لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی بەنادەستووری هەژمارکرد و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە رادەستکردنی نەوت بە حکومەتی فیدڕاڵ و وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندکرد، دادگەکە لەسەر دوو سکاڵا بڕیاری دا کە یەکێکیان 10 ساڵ لەمەوبەر تۆمارکراوە.
 
رۆژی سێشەممە 15ی شوباتی 2022، دادگەی باڵای فیدڕاڵی عێراق لەبارەی دوو سکاڵا کە لە ساڵانی 2012 و 2019 لەسەر هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە کۆبوویەوە، سکاڵاکان تایبەن بە نەوتی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنی.
 
دادگەی باڵای فیدڕاڵی لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆیدا چوار بڕیاری لە دژی هەرێمی کوردستان دەرکرد کە تایبەتە بە نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیارەکانیش ئەمانەن:
 
1- یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان ژمارە 22ی ساڵی 2007  نادەستوورییە و پووچەڵدەکرێتەوە، چونکە پێچەوانەی ماددەکانی 110، 111، 112، 115، 121، 130ی دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی 2005ە.
 
2- پابەندکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی تەواوی ئەو بەرهەمە نەوتییەی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەوە دەردەهێنرێت کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵساوە بەدەرهێنانی نەوت لێیانەوە، هەروەها رادەستکردنی بە حکومەتی فیدراڵی لەڕێگەی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە و رێگەی پێبدرێت لە بەکارهێنانی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی لەبارەی دۆزینەوەی نەوت و دەرهێنان و هەناردەکردنی.
 
3- سکاڵاکار دەتوانێت چاودێری پووچەڵبوونەوەی ئەو گرێبەستە نەوتییانە بکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی  سکاڵالێکراو وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە بیانییەکان لە دەوڵەتان و کۆمپانیاکان بۆ دۆزینەوە و دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت و فرۆشتنییەوە واژۆی کردوون.
 
4- پابەندکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رێگەپێدان بە وەزارەتی نەوتی عێراق و دیوانی چاودێری فیدڕاڵی بە پێداچوونەوە بەسەرجەم گرێبەستە نەوتییەکان کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەناردەکردنی نەوت و غاز و فرۆشتنییەوە واژۆکراو، بەمەبەستی وردبینیکردنی و دیاریکردنی ئەو مافانەی لەسەر هەرێمی کوردستانە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی و بەو شێوەیەی کە گەیاندنی مافەکانی هاووڵاتیانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی فیدراڵی گەرەنتی بکات و دوانەکەوێت، دوای ئەوەی هەموو بڕگەکانی ئەم بڕیارە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێدەکرێت و حکومەتی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی ئاماژە بەوە دەکات.
 
5- پابەندکردنی سکاڵالێکراو بە پێدانی هەموو رسومات و خەرجی و کرێی پارێزەران بریکارەکانی سکاڵاکارەکان کە بڕی 100 هەزار دینار دەبێت و بەپێی یاسا دابەشدەکرێت.
 
ئەیاد کاکەیی لە تیمی پارێزەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئامادەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگەی باڵای فیدڕاڵی بوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو داوایە لە ساڵی 2012 پێشکەشکراوە و هەڵبژاردنی ئەم کاتە دەریدەخات دادگە بێلایەن نییە."
 
ئەیاد کاکەیی گوتیشی "دیارە نەیارانی هەرێمی کوردستان و کورد لەڕێگەی دادگەی باڵای فیدڕاڵییەوە دەیانەوێت کۆمەڵێک شت بەسەر هەرێمی کوردستان بسەپێنن، ئەگەر نا ئەو داوایە کۆنە و چەند جارێک دواخراوە، بۆچی لەم کاتەدا دووبارە زیندوودەکرێتەوە و دادگە ئێستا بڕیاری یەکلاکەروە دەدات کە بڕیاری ئەو دادگەیە کار لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکات و رەنگە تا دێت لەبەغدا پاشگەزبوونەوە لە دەستووری عێراق ئەو شتانەی کە لەبەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان هەیە پاشگەزبوونەوەی تێدا دەکرێت" 
 
ئەو سکاڵایانەی ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەیانەوە کۆبوویەوە و بڕیاری دا لەکاتێکدا دێت لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەتایبەت لایەنە شیعییەکان ناکۆکیی قوڵیان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە