خانەنشینی عێراق: ئەو پارەی لە خانەنشینان بڕدرابوو بۆیان دەگەڕێندرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی خانەنشینی گشتیی عێراق، بڕینی پارەی خانەنشینانی راگرت و ئەو پارەیەشی لێیان بڕدراوە، بۆیان دەگەڕێنێتەوە.
چرۆ حەممەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق چوارشەممە، 15-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارەکە کارێکی باشە، پێشوازی لێدەکەن. خانەنشینان خۆیان پێویستیان بە پارەیە، نەک پارەیان لێببڕدرێت.
ئەو پەرلەمانتارە لەگەڵ ئەوەدا نییە بەزۆر پارە لە هیچ فەرمانبەر و مووچەخۆرێک ببڕێت و بۆ لایەنی دیکە بنێردرێت. عێراق و هەرێمی کوردستان لەو دۆخە بارگرانییە خۆیان پێویستیان بە پارەیە، نەک پارە بۆ دەرەوە بنێرن.
چرۆ حەممەشەریف، کە خەڵکی هەڵەبجەیە دەپرسێت: "کاتی خۆی هەڵەبجە ئەو کارەساتە گەورەی بەسەرداهات و کیمیایی بارانکرا، لە دەرەوە کۆمەک نەکرا. بۆچی دەبێت ئێستا لەو دۆخە سەختەی ئابووری دا ئێمە کۆمەک بۆ دەرەوە بنێرین؟"
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیارى بڕینى 1٪ـى مووچەى خانەنشینانى بۆ پاڵپشتیى غەززە و لوبنان هەڵوەشاندەوە، کە لە مانگى رابردووەوە کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە.
هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەى رۆژی دووشەممە 13-01-2025ـى ئەنجوومەنى وەزیران عێراق بووە.
حوسام عەبدولستار، بریکاری سەرۆکی دەستەی خانەنشینی گشتیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-01-2025، بە میدیای فەرمی عێراقی گوت، لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، خانەنشینان لە بڕینی 1٪ـی مووچەکانیان، بەدەربکرێن بۆ پشتیوانی لە غەززە و لوبنان.
حوسام عەبدولستار رادەگەیێنێت، بڕینەکەیان راگرتووە، هەموو ئەو پارانەشی کە لێیان بڕاوە بۆیان دەگەڕێننەوە. پارەکەش رەوانەی بانکەکان دەکەنەوە، تاوەکو بۆیان بخرێتەوە سەر کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی.
بڕینى ئەو بڕە پارەیە بە گوێرەى نووسراوێک بوو کە حەمید غزى، ئەمیندارى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە 24ـی تشرینى دووەمى 2024 دەری کردبوو.
بڕیارەکە بڕینى 1٪ـی مووچە و دەرماڵەى فەرمانبەران و خانەنشینانى لە دامەزراوە فەرمییەکانى عێراق دەگرتەوە، لە یەکى کانوونى یەکەمى 2024 کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە، پارەکە دەخرێتە سەر هەژمارەکانى تایبەت بە (غەززە و لوبنان).
نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیران ئاماژەى بەوەداوە، بەگوێرەى بڕیارەکە هەڵوەشاندنەوەى بڕینى 1٪ـى مووچەى خانەنشینان لە 24ـى تشرینى دووەمى 2024ـەوە جێبەجێدەکرێت، بەوپێیە ئەو پارەیەى لە دوو مانگدا لێیان بڕدراوە بۆیان دەگەڕێنرێتەوە.
بڕینى ئەو 1٪ـى مووچە خۆویستانە بوو، بەگوێرەى بڕیارەکەى ئەمیندارى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانى ئەوانەی رازی نین بە لێبڕینەکە، ناویان لە لیستی کۆمەکبەخشاندا نابێت.