وەزیری نەوتی عێراق: لەگەڵ بی پی رێککەوتنێکی گەورەمان لەسەر نەوتی کەرکووک کرد


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە بەریتانیا رێککەوتنێکی گەورەیان لەسەر چوار کێڵگەی کەرکووک کردووە کە "بەرهەمهێنان زیاد دەکات."
 
رۆژی چوارشەممە، 15-01-2025، حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە بەریتانیاوە بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی گوت، عێراق و کۆمپانیای نەوتی بی پی (بریتیش پیترۆڵیەم)، لە هەفتەی یەکەمی مانگی شوباتی ئەم ساڵ رێککەوتنێک لەسەر چوار کێڵگەی نەوتی و گازی کەرکووک واژۆ دەکەن. 
 
بەگوتەی وەزیری نەوتی عێراق، ئەم رێککەوتنە لە رێککەوتنەکەی ساڵی 2023ـی کۆمپانیای تۆتەڵ ئینێرجی گەورەترە. رێککەوتنەکەی کۆمپانیای تۆتەڵ لە بەسرە کرا و بەهاکەی 27 ملیار دۆلار بوو. 
 
حەییان عەبدولغەنی گوتی: "بەپێی رێککەوتنەکە، بەرهەمی نەوتی رۆژانە بۆ 150 هەزار بەرمیل زیاد دەکرێت."
 
لەدوای سعودیە، عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوی ئۆپێک و رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە.
 
پێش ئەو لێدوانەی وەزیری نەوت؛ نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئێوارەی سێشەممە، 14-01-2025، رێوڕەسمێک بەڕێوەچوو بۆ واژۆکردنی رێککەوتننامەی لێکتگەیشتن بۆ جێبەجێکردنی هەڵسەنگاندنی توانای دووبارە پەرەپێدانی تەواوەتی هەر چوار کێڵگەی نەوتی کەرکووک.
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە 15-01-2025 بڵاویکردووەتەوە، شیاندنەوە و پەرەپێدانی هەر چوار کێڵگە نەوتییەکەی کۆمپانیای نەوتی باکوور دەدرێتە کۆمپانیای بریتش پیترۆڵیەم BPـی بەریتانی، "ئەوەش بۆ زیادکردنی بەرهەم و گەیشتن بە باشترین تێکڕای بەرهەمی نەوت و گاز."
 
كێڵگە نەوتییەكانی كەركووک كە بریتین لە (بای حەسەن، ئاڤانا، بابەگوڕگوڕ، جەمبوور و خەبازە) ئێستا لەلایەن كۆمپانیای نەوتی باكوور سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێن.
 
لە رێوڕەسمەکەدا، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ئامادە بوو. عامر خەلیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە عێراق و زەید یاسری، بەڕێوەبەری لقی کۆمپانیای عێراقی بریتیش پیترۆڵیەم واژۆیان لەسەر رێککەوتنەکە کرد.
 
دوێنێ سێشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری گەیشتە لەندەن و لەلایەن کیەر ستامەر، هاوتا بەریتانییەکەی پێشوازی لێکرا.
 
رۆژی 1ـی ئابی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی رێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نەوتی گشتگیری لەنێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی بی پی کرد بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی کەرکووک.
 
یاداشتەکە لەلایەن حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت بە نوێنەرایەتیی عێراق و مورای ئۆشینکڵۆس، سەرۆکی جێبەجێکار و نوێنەری کۆمپانیاکە واژۆکرا.
 
کۆمپانیای بی پی لە 1920ـەوە لە کەرکووک کاری کردووە و دەڵێت، ناوچەی کەرکووک و دەورووبەری "نزیکەی 9 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیە."