نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی 2670 دۆلار دابەزی

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی زێڕ دابەزی و بازرگانان بە وریاییەوە مامەڵەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن و چاوەڕێی بڵاوبوونەوە ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسانی مانگی 12 لە ئەمریکا دەکەن، کە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دابنێت.
 
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 2672 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەو پێیەش بە ریژەی 0.1% دابەزی.
 
بە پێچەوانەوە، نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە رێژەی 0.3% بەرزبووەوە و بە 2689 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (ئواندا)، لەوبارەیەوە رایگەیاند، "ئەگەر ئامارەکانی هەڵاوسان ئاشکرای بکەن کە نرخەکانی بەکاربەر بەرزبوونەتەوە، بە ئەگەری زۆرەوە دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ."
 
نرخی زێڕ رۆژی رابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی کۆفرۆشی لە ئەمریکا، بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی. کێلڤین وۆنگ سەبارەت بە دابەزینی نرخی زێڕ ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ئامارەکانی هەڵاوسان لە دژی نرخی زێڕ بن، بە ئەگەری زۆرەوە نرخی کانزای زەرد تاوەکو 2600 دۆلار دادەبەزێت، ئەگەری دابەزینی زیاتریشی بۆ 2540 دۆلار هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە