بەرمیلێک نەوتی برێنت بە کەمتر لە 80 دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێوە دەکرێت. سزادانی دوو کۆمپانیای نەوتی رووسیا و 183 کەشتیی نەوتهەڵگر کە نەوتی رووسیا دەگوازنەوە، پاڵپشتیی بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی کانوونی دووەم، 12 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 79 دۆلار و 94 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 22 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 77 دۆلار و 62 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی سێشەممە، نرخی نەوت بەهۆی پێشبینییەکان لەسەر کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئەو بەرهەمە ستراتژییە لە دوو ساڵی داهاتوودا دابەزی.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رۆژی رابردوو رایگەیاند، لە دوو ساڵی داهاتوودا قەبارەی خستنەڕووی نەوت زیاتر دەبێت لە قەبارەی خواست و ئەوەش نرخی نەوتی برێنتی دابەزاند بۆ کەمتر لە 80 دۆلار. بەڵام رۆژی چوارشەممە هۆکاری سزادانی کۆمپانیا و کەشتییە رووسییەکان دووبارە پاڵپشتی بۆ نرخی نەوت دروستکردەوە.
شرۆڤەکارنی بانکی (ING)ی هۆڵەندی ئاماژە بە هۆکارێکی دیکە دەکەن و لەوبارەیەوە رایانگەیاند، "ئامارەکانی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا ئاماژە بۆ کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا دەدەن، ئەوەش پاڵپشتیی بۆ نرخی نەوت لە رۆژی چوارشەممە دروستکردووە."