ئامانج رەحیم: لەگەڵ بەغدا لەبارەی هەناردەی نەوت لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش هەیە

15-01-2018
حەکیم داود
نیشانەکردن نەوت
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەمڕۆ هەولێر و بەغدا لەبارەی میکانیزمی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی کوردستان لە بەرامبەر ناردنی شایستە داراییەکان و بەشی هەرێمی کوردستان لە سووتەمەنی گفتوگۆیان کردووە. سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان دەڵێت "هەردوولا لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشیان هەبووە و  دەستپێکێکی باشە".

ئەمڕۆ شاندێکی 19 کەسی حکومەتی عێراق کە لە پێنج لیژنەی تایبەت بە کێشەکانی هەولێر و بەغدا پێکهاتبوون، لە هەولێر لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

یەکێک لە کۆبوونەوەکان تایبەت بووە بە پرسی نەوت، کە تێیدا شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلا خزر ئەلیاسری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە.

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە بەشداری کۆبوونەوەکە بووە، دەڵێت ئەجێندای کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دەستنیشانکردنی میکانیزمی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەناو بودجە و بەشی سووتەمەنی.

بەگوتەی ئامانج رەحیم "هەردوولا لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشیان هەبووە لەسەر تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە. بڕیاردرا شاندی حکومەتی فیدراڵی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بەرزبکاتەوە".

د. ئامانج رەحیم دەڵێت، لە دوای رووداوەکانی ئەم دواییە ئەوە یەکەمین کۆبوونەوەی هەردوولایە، کە "دەستپێکێکی باشە بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەندیدار بە نەوت و رێگە خۆشدەکات بۆ چارەسەری کێشەی شایستە داراییەکانی کوردستان لە داهاتە فیدڕاڵییەکان لە پێش هەمووشیانەوە بابەتی مووچەی فەرمانبەران".

رۆژی دووشەممە 15-1-2018 لیژنەیەکی باڵا کە لەسەر داوای عەبادی پێکهاتووە، بە سەرۆکایەتی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێداچوونەوەی گشتگیرانە بە پرسە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووەمین کۆبوونەوەی لە هەولێر لەگەڵ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.

بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە پێنج کۆبوونەوەی دووقۆڵی لە بوارەکانی (ئەمنی، سنووریی، فڕۆکەخانەکان، گومرگ، دەروازە سنوورییەکان، بەنداوەکان و نەوت) لەنێوان پسپۆڕانی هەردوولا ئەنجامدران.

هەر یەک لەو پێنج بوارە بەجیا تاوتوێکراون، کۆنووسێک بۆ هەریەک لە تەوەرەکان باسکراوە و گەڵاڵە کراون، کە ژمارەیەک راسپاردەی لەخۆگرتووە و بەرزدەکرێنەوە بەپێی فەرمی دیوانی ژمارە (137)ی ساڵی 2017، کە بەو پێیەی لیژنەی باڵای پێکهاتووە، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەو تیمانەی کە کارەکانیان تەواونەبووە، کە دواتر راپۆرتی خۆیان بەرزدەکەنەوە.

بەپێی راگەیێندراوێکیان، لیژنەی فڕۆکەخانەکانی نێوان شاندی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر شەش خاڵ رێککەوتوون، کە تێیدا  فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی پابەنددەبن بە یاسای دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق ژمارە 148ی ساڵی 1974 هەموارکراو و سەرجەم رێنماییەکانی کە لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانییەوە دەردەچێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە