شاندێکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ داواکردنی مووچەی مانگی 11 و 12 و پڕکردنی کورتهێنانی مووچەی مانگی 10، دەچێتە بەغدا. گوتەبێژی وەزارەتی داراییش دەڵێ هەتاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان 761 ملیار دینارەکەی مووچەی مانگی 10ـی رانەکێشاوە.
 
ئەمڕۆ (شەممە، 14-12-2024) هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند "رۆژی یەکشەممە (سبەی) شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئەندامیێتی هەریەک لە د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و د. حەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، سەردانی بەغدا دەکەن." 
 
هونەر جەمال رایگەیاند "شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە و داوای ناردنی بەشە مووچەی مانگەکانی 11 و 12  دەکات، شاندی هەرێمی کوردستان هەروەها داوای 430 ملیار دینار دەکات بۆ پڕکردنی کورتهێنانی پارەی مووچە."   
 
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی جەختی کردەوە لەوەی "حکومەتی عێراق 761 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 10 ناردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان ئەو پارەیەی رانەکێشاوە."  
 
هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی سێ مانگ، پێویستی بە 2.994 ترلیۆن دینار هەیە، کە حکومەتی فیدراڵی تائێستا تەنیا 761 ملیار دیناری لێ ناردووە.  
عێراق بڕیاری داوە بۆ هەر یەک لە مانگەکانی 11 و 12ـش، دووجار بڕی 761 ملیار دیناری دیکە بنێرێت. 
 
هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12 نزیکەی 711 ملیار دینار کورتهێنانی دەبێت و هەرێمی کوردستان داوای 430 ملیار دیناری لە بەغدا دەکات و، بڕیارە کورتهێنانەکەی دیکە لە داهاتی نێوخۆ پڕبکاتەوە.