نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی هەینی لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕەکان بەڕێژەی 2٪ بەرزبووەوە.
چاوەڕوانییەکان بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر کەرتی نەوت و گازی رووسیا و هەروەها ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا و ئەورووپا نرخەکانی نەوتی بەرزکردووەتەوە بۆ بەرزترین ئاستی 3 هەفتەی رابردوو.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور لە کاتی داخستنی بازاڕەکان رۆژی هەینی 1 دۆلار و 8 سەنت بەرزبووەوەو بە 74 دۆلارو 49 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار و 27 سەنت بەرزبووەوە بە 71 دۆلار و 29 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەو پێیەش لە ماوەی یەک هەفتەدا نرخی نەوتی برێنت بەڕێژەی 5٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بەڕیژەی 6٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
شرۆڤەکارانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی رێتێربووش لەو بارەیەوە رایانگەیاند، "هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ئەگەری سەپاندنی سزای زیاتری کەرتی نەوتی رووسیا و ئێران دەگەڕێتەوە. هەروەها کەمکردنەوەی سوودی بانکی پاڵپشتی بۆ کۆمپانیاکان دروستدەکات نەوتی زیاتر بەکاربهێنن."
ئەو شرۆڤەکارانە پێیانوایە، "هاندانە ئابوورییەکانی چین بۆ بازاڕەکانی ئەو وڵاتە پاڵپشتیی زیاتریان بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە."
وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا رێککەوتوون لەسەر سەپاندنی 15ـەیەمین پاکێجی سزاکانی سەر رووسیا بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی ئۆکرایناوە.
وڵاتە ئەوروپییەکان و بەریتانیا ئامادەیی خۆیان دەڕبڕیوە هەموو جۆرە گەمارۆکانی سەر ئێران بگەڕیننەوە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە نەتوانێت بگاتە ئەو توانایەی کە چەکی ئەتۆمی دروستبکات.