سوودانی باسی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات: بەم کارە مەینەتی کۆتایی دێت

14-12-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
محەممەد شیاح سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
محەممەد شیاح سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
نیشانەکردن بێستوون تۆک سوودانی لە بێستوون تۆک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆلار لە بانکی ناوەندی بە نرخێکە و لە بازاڕ بە نرخێکی زیاتر، کاتی چارەسەربوونی ئەم کێشەیەش پرسی زۆربەی هاووڵاییانە لە وڵاتێکدا کە زۆربەی پێداویستییەکانی رۆژانە تێیدا بە دۆلار هاوردە دەکرێن، سوودانی لە بەرنامەی بێستوون تۆکی رووداو بە وردی باسی کێشەکە و چۆنییەتی چارەسەرکردنی دەکات. دەشڵێت، هیچ بەدیلێکی دیکە نییە و قەیرانی مووچە کۆتایی دێت. 
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەرنامەی بێستوون تۆک کە کاژێر 09:00ـی ئەمشەو (پێنجشەممە، 14-12-2023) بەکاتی هەولێر لە رووداو پەخشکرا، بە وردی باسی کێشەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراقدا دەکات و لە بەشێکی گوتەکانیدا دەڵێ "دڵنیابە ئەگەر دەتەوێ دۆلار بگەڕێنمەوە بۆ هاوتاکردنەوەی لەگەڵ نرخی بازاڕ، ئەوە مانای وایە من کاری قاچاخچیێتی هاندەدەم و ئەوەش شتێکە قەت نایکەم."
 
 
سوودانی لەبارەی مووچەوە گوتی: "تاکە رێکارێک کە بە من دەکرێ ئەوەیە یاساکە هەموار بکەم.. بۆئەوەی قەیرانی مووچە کۆتایی بێت. هیچ بەدیلێکی دیکەمان نییە. لە تەواوکردنیشی نزیکین پشتیوان بەخوا . ئەمە بەڵێنێکە لەبەردەمی ئێوەدا کە حکومەت لەم نزیکانە بڕیاری لێدەدات. هەر ئەوەندەی رێککەوتن بکرێ لەسەر رەشنووسی یەکەمی، وەکو حکومەت بڕیاری لەسەر دەدەین و پاشان دەیدەینە ئەنجوومەنی نوێنەران. هەر بە پەسەندکردنی ئەو هەموارە مەینەتیی فەرمانبەران کۆتایی دێت." 
 
هانی ئەلعانی، خوێندکارێکی کۆلێژی راگەیاندن لە زانکۆی بەغدا لە بەرنامەی بێستوون تۆک پرسیاری لەبارەی دۆلار ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی کرد و گوتی "شەقامی عێراقی ئێستا بەدەست کێشەی دۆلارەوە گیرۆدەیە... تاوەکو ئەم ساتەش بانکی ناوەندی مامەڵە بە نرخێک دەکات بۆ دۆلار و شەقامیش مامەڵە بە نرخێکی دیکە. ئەم بازاڕە رەشە هەتا کەی بەردەوام دەبێت؟ کەی دەتوانن سنوورێکی بۆ دابنێن. چین ئەو رێکارانەی ئێوە کە لەو بارەوە و لە داهاتوودا دەیانگرنەبەر؟"
 
ئەو پرسیارەی گەنجەکە کردی، پرسیاری هەموو هاووڵاتییانی عێراقە، بەهۆی ئەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار، راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ژیانی هەمووان هەیە.
 
محەممەد شیاع سوودانی لە بەشێکی وەڵامەکەیدا دەڵێ "دەڵێی نرخێک لە بازاڕی رەشدا هەیە و نرخێکیش هەیە فەرمییە. من وەکو حکومەت، ئەمڕۆ و سبەی، پابەندم بەوەی دۆلار بە نرخی فەرمی 1320 دینار بێت. ئەمە ئەرکی منە، بەڵام دەتەوێ نرخی بازاڕی هاوتەریب دابەزێنم، مانای وایە دەتەوێ بڕۆم پارە بدەمە قاچاخچیان. من ئەوە ناکەم. بازرگان چەندی دەوێ دەیدەینێ. بەڵێندەر ئەوەی لەگەڵ من کاردەکات وەکو حکومەت، دەیدەینێ. وەبەرهێن کە دەیەوێ پارە حەواڵە بکات، دۆلاری بە نرخی فەرمی دەدەینێ. قوتابی کە دەیەوێ پارە حەواڵە بکات بۆ خوێندنەکەی، دۆلاری بە نرخی فەرمی دەدەینێ.''
 
سوودانی دەپرسێت "بۆچی بازرگان دەچێ لە بازاڕی رەش دۆلار بە 1580 دەکڕێ؟ بۆچی؟... خۆ دەتوانێ بە 1320 بیکڕێ.. ئەمە کێیە؟ ئەمە کەسێکە کاری نایاسایی دەکات و نایەوێ بچێتە ناو ستەیجە ئەلیکترۆنییەکە. ناچێتە ئەوێ کە دەبێ کۆمپانیای هەبێت، مۆڵەتی هەبێت و گومرگ بدات، باج بدات... ئەو دەچێ لە پشتی ئەم رێکارەوە دەسووڕێتەوە و دۆلار لە بازاڕی رەش دەکڕێ. ئەمە شتێکە ئێوە دەبێ لێی هۆشیار بن و ئەسڵی شەڕەکە بزانن."
 
لە گوتەکانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی ستەیجی ئەلیکترۆنی دەکات و ئاماژە بەوە دەکات "ئێستا بە هەموو متمانەوە دەڵێم، 95٪ـی کاری بازرگانییە شەرعییەکانمان لەڕێی ئەو ستەیجە ئەلیکترۆنییەوە دەڕوات."
 
سوودانی: ئێران دۆلاری ناوێت 
 
بەشێکی کێشەی نەبوونی نەختینەی تەواوی دۆلار لە عێراق پەیوەندیی بە سزاکانی ئەمریکا هەیە بۆ سەر ئێران، کە مامەڵەکردن بە دۆلار لێ قەدەخەیە.
 
سوودانی دەڵێ "بازرگانیمان لەگەڵ ئێرانی دراوسێ هەیە و ئێرانیش لەژێر سزادایە، ناتوانی پارە حەواڵە بکەی. هیچ بانکێک لە هەموو وڵاتانی ناوچەکەدا بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە پارە بۆ ئێران حەواڵە ناکات، بۆیە بازرگان ناچارە بچێ لە بازاڕی ڕەش دۆلار بکڕێت و بیبات لە ئێران شت بکڕێ. لەگەڵ ئێرانییەکان دانیشتین گوتمان وەرن ئەم کێشەیەمان بۆ چارەسەر بکەن، ئەوان هیچ کێشەیەکیان نییە، بە دینار، بە تومەن بە یۆرۆ، دۆلاریان ناوێ چونکە دەیانەوێ کاڵاکانیان بەردەوام بن و ئاڵوگۆڕی بازرگانییان بەردەوام بێ."

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە