راپۆرتى لیژنەى دەستپاکیى عێراق: 3.7 ترلیۆن دینارەکە پارەی کۆمپانیایەکى چینی بووە


رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەى راپۆرتى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق، ئەو 3.7 ترلیۆن دینارەى کە لە بانکى رافیدەین لەلایەن پێنج کۆمپانیاوە براوە، پارەى کۆمپانیایەکى چینى بووە و نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى پێشوو، یەکێکە لەو شوێنانەى لە دۆسیەکە گلاوە و زانیاریى هەبووە کە ئەو بڕە پارەیە لەو هەژمارەدا هەیە. 
 
لەو راپۆرتەدا کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، 15-12-2022، بڵاوبکرێتەوە و کۆپییەکی دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، نووسینگەى بنبڕکردنى سپیکردنەوەى پارە کەمتەرخەم بووە لەو دۆسیەیەدا و فەرمانبەرێک گواستراوەتەوە بۆ دەستەى گشتیى باج بۆ ئەوەى واژۆ لەسەر بردنى ئەو پارانە بکات.
 
پارەکەی بانکی رافیدەین کە 3.7 ترلیۆن دینار بوو لە هەژمارى سپاردەى دارایی دەستەى گشتیى باجى عێراق لە رێگەى پێنج کۆمپانیاوە لەنێوان ئابى 2021 تاوەکو ئەیلوولى 2022 لەو بانکە براوە و "دزییەکەش" بە "دزیی سەدە" ناوى دەرکرد.
 
خالید رێکانى، ئەندامى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو راپۆرتە ئاراستەى شەش لایەن دەکەن، ئەوانیش سەرۆکایەتیى پەرلەمان و حکومەتى عێراق و دادگە، دیوانى چاودێریى دارایی، دەستەى دەستپاکى و بانکى رافیدەین.
 
خالید رێکانى گوتى: "لەدواى دەستپێکردنەوەى کۆبوونەوەکانى پەرلەمانى عێراق لە مانگى کانوونى دووەمى 2023، کۆبوونەوەى تایبەتى پەرلەمان بە تاوتوێکردنى ئەو راپۆرتە دەکرێت".
 
37 کۆبوونەوە، 33 میواندارى 
 
بەگوێرەى راپۆرتەکە، لە ماوەى کارکردنى "لیژنەى لێکۆڵینەوەى راستییەکان"ـى دەستەى دەستپاکى، 37 کۆبوونەوەیان کردووە و میوانداریى 33 کەسایەتیان کردووە بۆ وەرگرتنى گوتە لێیان لەسەر ئەو دۆسیەیە.
 
لە مانگى تشرینى یەکەمى رابردووەوە کە ئەو لیژنەیە پێکهێندراوە، 33 نووسراویان ئاراستەى لایەنە پەیوەندارەکان کردووە بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى دۆسیەکە.
 
دیارترین ئەو کەسانەی میوانداری کراون، بەڕێوەبەرى پێشووى بانکى رافیدەین، بەڕێوەبەرى پێشووى فەرمانگەى لێکۆڵینەوەکانى دەستەى دەستپاکى، سەرۆکى پێشووى دەستەى دەستپاکى، وەزیرى پێشووى نەوت و دارایی بەوەکالەت، وەزیرى ئێستاى دارایی کە پێشتر بریکارى وەزارەتى دارایی بووە، هەروەها چەند بەرپرسێکى دیکەى دیوانى چاودێریى دارایی.
 
کۆمپانیاکان چۆن پێکهێندراون؟
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، سێ ترلیۆن و 811 ملیار و 370 ملیۆن و 882 دینار لەنێوان 9ى ئەیلوولى 2021 تاوەکو 11ى ئابى 2022 لە رێگەى 260 چەکەوە بۆ ئەو پێنج کۆمپانیایە خەرجکراون.
 
کۆمپانیاى قانت کە نوور زوهێر خاوەنێتى، بەگوێرەى راپۆرتەکە، لە ساڵى 1999 دروستکراوە بە سەرمایەى سێ ملیۆن دینار، ساڵى 2009 سەرمایەکەى گەیشتووەتە پێنج ملیار دینار. ساڵى 2020 سەرجەم پشکەکانى ئەو کۆمپانیایە بە محەممەد فەلاح عەبدوڵڵا فرۆشراون، دواتر نوور سەرجەم پشکەکانى کڕیوەتەوە، بەڵام محەممەد فەلاح وەک بەڕێوەبەرى جێبەجێکار لە کۆمپانیاکە ماوەتەوە.
 
کۆمپانیاى حوت ئەحدەب لە ساڵى 2021 دروستکراوە بە سەرمایەى یەک ملیۆن دینار، لە 8ى ئابى هەمان ساڵدا سەرمایەکەى بووەتە یەک ملیار و یەک ملیۆن دینار و لە 5ى کانوونى یەکەمى 2021 سەرجەم پشکەکانى ئەو کۆمپانیایە لەلایەن قاسم محەممەد کڕدراوەتەوە لەکاتێکدا لە 16ى تشرینى دووەمى هەمان ساڵ هەژمارى لە بانکى رافیدەین کردووەتەوە.
 
کۆمپانیاى ریاح بەغداد لە 28ى تەممووزى 2021 دروستکراوە بە سەرمایەى یەک ملیۆن دینار و دواتر لە 4ى ئەیلوولى 2021  سەرمایەى کۆمپانیاکە زیاد بووە بۆ یەک ملیار و یەک ملیۆن دینار و حوسێن کاوە عەبدولقادر کە کوردە، لە 5ى کانوونى یەکەمى 2021 سەرجەم پشکەکانى کڕیوەتەوە، لەکاتێکدا ئەو کۆمپانیایە لە 23ى تشرینى دوومى 2021 هەژمارى لە بانکى رافیدەین کردووەتەوە. 
 
کۆمپانیاى موبدیعون لە ساڵى 2006 دامەزراوە و سەرمایەکەى یەک ملیۆن دینار بووە و دواتر نوور زوهێر سەرجەم پشکەکانى کۆمپانیاکەى کڕیووەتەوە و لە 13ى ئایارى 2020 سەرمایەى کۆمپانیاکە گەیشتووەتە 10 ملیار دینار.
 
نوور زوهێر ناسراو ئەبو فاتیمە، لە 24ى شرینى یەکەمى 2022 لە کاتى هەوڵدان بۆ راکردن بۆ دەرەوە، لە فڕۆکەخانەى بەغدا دەستگیرکرا کە خاوەنى هەردوو کۆمپانیاى قانت و موبدیعونە.
 
کۆمپانیاى بادیە مەسا لە 28ى تەممووزى 2021 دامەزراوە و لە 4ى ئەیلوولى هەمان ساڵ سەرمایەکەى  یەک ملیار و یەک ملیۆن دینار بووە. عەبدولڕەحمان محەممەد سەرجەم پشکەکانى لە 5ى کانونى یەکەمى 2021 کڕیوەتەوە.
 
"پارەى کۆمپانیایەکى چینی بووە"
 
بەگوێرەى راپۆرتەکە، ئەو پێنج کۆمپانیایە داوایەکیان پێشکێش کردووە بۆ راکێشانى ئەو پارانە کە گوایە دەستبەداربوونیان بۆ کراوە لەلایەن کۆمپانیایەکى چینی کە خاوەنى راستەقینەى ئەو پارانە بووە و یەکەم واژوى فەرمى بۆ مامەڵەى یەکێک لەو پێنج کۆمپانیایە لەلایەن بەڕێوەبەرى گشتیى دەستەى باجەوە واژو کراوە، بەبێ ئەوەى پێشینەى لەنێو دۆسیەکەیدا هەبێت و رەزامەندیشى لە بەشى چاودێریى دەستەکە وەرگرتووە بۆ وەرگرتنى ئەو پارەیە.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئیدارەى دەستەى گشتیى باجەکان و بەشێک لە فەرمانبەران کە دەسەڵاتى واژوکردنى چەکەکانیان هەبووە، لەڕووى یاساییەوە بەرپرسن لە بردنى ئەو پارانە. 
 
سەرجەم پارەکان لە رێگەى لقەکانى وەزیرییە، "حەی عەرەبی" و زەهراى بانکى رافیدەین خەرجکراون کە لە بەغدان، بەشێوەیەک لە لقى وەزیرییەى بانکەکە 209 چەک خەرجکراون، لە لقى "حەى عەرەبی" 35 چەک و لە "حەى زەهرا" 16 چەک خەرج کراون.
 
ئەنجامەکان
 
بەگوێرەى ئەو ئەنجامانەى لیژنەى لێکۆڵینەوەکە پێیگەیشتووە، زنجیرەى بردنى ئەو پارەیە لە نووسراوێکى هەیسەم جبوورى، سەرۆکى لیژنەى دارایی خولى پێشووى پەرلەمانەوە دەستیپێکردووە کە تایبەت بووە بە خەرجکردنى سپاردەى دارایی دەستەى گشتیى باج.
 
هەیسەم جبوورى، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى پێشوو بوو بەر لەوەى دواى پێکهێنانى حکومەتى نوێ دووربخرێتەوە و لەسەر دۆسیەى بردنى 3.7 ترلیۆن دینارەکە دەستگیربکرێت.
 
بەگوێرەى ئەو نووسراوە هەیسەم جبوورى پێشنیازى کردووە، بەبێ وردبینیی دیوانى چاودێریی دارایی، پارەى سپاردەى دارایی کۆمپانیاکان لە دەستەى گشتیى باج بدرێتەوە کۆمپانیاکان و لەلایەن یەکەى وردبینى دەستەکەوە وردبینى بۆ بکرێت لەبرى دیوانى چاودێریى دارایی. بە گوێرەی راپۆرتەکەی لیژنەی دەستپاکی، جبووری بەبێ ئاگاداریى ئەندامەکانى دیکەى لیژنەکەى ئەو نووسراوەى ئاراستە کردووە. 
 
لەنێو ئەو نووسراوانەى کە بە بەشێک لە پرۆسەى بردنى پارەکە هەژمارکراوە، نووسراوێکى دەستەى دەستپاکییە، ئەوە جگە لە رەزامەندیى وەزیرى پێشووى دارایی لەسەر پێشنیازى سەرۆکى لیژنەى دارایی خولى پێشووى پەرلەمان. 
 
دەستەى سپیکردنەوەى پارە ئاگاى لێ نەبووە 
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، کەموکورتى هەبووە لەلایەن نووسینگەى بنبڕکردنى سپیکردنەوەى پارەى سەر بە بانکى ناوەندى لەبارەى ئەو دۆسیەوە.
 
بەگوێرەى راپۆرتەکە، بەڕێوەبەرى ئەو نووسینگەیە بە لیژنەى لێکۆڵینەوەکەى راگەیاندووە، ئاگادارى ئەو دۆسیەیە نەبوون تاوەکو ئەو کاتەی لە راگەیاندنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام دواتر لە رێگەى میوانداریکردنى چەند بەرپرسێکى دیکەى دامەزراوە حکومییەکان دەرکەوتووە، گۆڕینەوەى نووسراو لەنێوان دامەزراوەکانى حکومەت هەبووە. ئەو نووسینگە تێبینیى لەسەر یەکێک لەو چەکانە هەبووە، کە بۆ کۆمپانیاى قانت خەرجکراوە.
 
عەللاوى ئاگادار بووە 
 
یەکێک لەو کەسانەى دیکە کە پەنجەى تۆمەتى ئاراستەکراوە، عەلى عەلاوى، وەزیرى پێشووى داراییە کە بەگوێرەى راپۆرتەکە، بە پێچەوانەى یاسا دەسەڵاتى داوە بە کەسێک بە ناوى (حوسێن قەنبەر ئاغا) بۆ سەرپەرشتیارى پەیوەندى لەگەڵ دەستەى گشتیى باج و بانکەکان و وەک راوێژکارى وەزیر بەشداریى کۆبوونەوەکانى کردووە و زانیاریی هەبووە لەبارەى خەرجکردن ئەو پارانە. بەڕێوەبەرى بەشی چاودێریى دەستەى گشتیى باج پێى راگەیاندووە کە راکێشانێکى نائاسایی پارە هەیە و ئەویش گوتوویەتى کە وەزیرى دارایی ئاگادارە.
 
لەراپۆرتەکەدا هاتووە کە لە رێگەى میوانداریکردنى عەلى عەللاوى ئەوە ئاشکرابووە کە ناوبراو سەرۆکى ئەنجوومەنى بەڕێوەبردنى بانکى ناسک-ە و حوسێن قەنبەر ئاغا، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى بووە و ئەوەش گومانى لەسەر ئەو پەیوەندییە دروستکردووە.
 
نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى پێشوو تێوەگلاوە 
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراق پەیوەندى بە ژمارەیەک لە بەرپرسانى وەزارەتى دارایی کردووە بە ئامانجى دروستکردنى کاریگەری و گوشار لەسەریان لە چوارچێوەى ئەو دۆسیەیەدا، ئەوە جگە لە ئاراستەکردنى نووسراو بۆ بەڕێوەبەرایەتیى دەستەى گشتیى باج و بانکەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزیرى دارایی.
 
نووسینگەى سەرۆکوەزیران ئاگادارى ئەوە بووە کە ئەو بڕە پارەیە لە سپاردەى دارایی دەستەى گشتیى باج هەیە، بەو پێیەى چەند نووسراوێکى دیوانى چاودێریى دارایی لە 26ى تشرینى دووەمى 2017 دراوەتە نووسینگەکە کە ئاماژە بەوە دراوە، چوار ترلیۆن و 910 ملیار دینار لەو هەژمارەدا هەن کە تایبەتن بە ساڵانى 2015، 2016 هەتاوەکو مانگى نیسانى 2017.
 
هەروەها ئەوە ئاشکرابووە، بەڕێوبەرانى دەستەى گشتیى باج کەمتەرخەم بوون بە تایبەت بەڕێوەبەرى گشتى و بەڕێوەبەرى بەشی دارایی بەوەى کە وەڵامى نووسینگەى بنبڕکردنى سپیکردنەوەى پارەیان داوەتەوە بەوەى خەرجکردنى ئەو چەکانە رەوایەتى هەیە و پێویستى بە وردبینى نییە لەلایەن ئەو نووسینگەیە و ئەو کۆمپانیایانە پاکتاوى باجیان بۆ کراوە کە لە بنەڕەتدا رووینەداوە، بانگەشەى ئەوەشیان کردووە کۆمپانیاى خاوەن پارەکە سازشى کردووە بۆ کۆمپانیاکان کە پارەکەیان راکێشاوە، لە کاتێکدا هیچ بەڵگەنامەیەک نییە کە ئەوە بسەلمێنێت و گوێشیان نەداوەتە فەرمانێکى وەزیرى پێشووى دارایی بۆ خەرجنەکردنى پارەکانى سپاردەى دارایی دەستەى گشتیى باج. 
 
فەرمانبەرێک بۆ بردنى پارەکە گواستراوەتەوە 
 
لە راپۆرتەکەى لیژنەى لێکۆڵینەوەى راستییەکان هاتووە کە عودەى عەلى حەموود، بەڕێوەبەرى بەشی چاودێریى لە دەستەى گشیى باج  واژوى لەسەر ژمارەیەک لە بەڵگەنامە و چەکى "هەستیار" کردووە بەبێ وردبینى و بوونى پێشینەى فەرمى، ئەو کەسە لە ئەبوغرێبەوە گواستراوەتەوە بۆ دۆرە و لەوێشەوە بۆ دەستەى گشتیى باج وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانى ئەو دزییە لە رێگەى واژوى ئەو بەرپرسەوە.
 
تێوەگلاوانى دیکە 
 
لە بەشێکى دیکەى راپۆرتەکەدا ئاماژە بە فەرمانبەرێکى دەستەى دەستپاکى کراوە کە راسپێردراوە بۆ ئەوەى پێشینەى چەکى یەکەمى ئەو پارە دزراوانە بهێنێت، بەڵام دواى مانگێک داواى مۆڵەتى پێنج ساڵى کردووە و ئەوەش بەپێى راپۆرتەکە جێگەى گومانە.
 
بەگوێرەى راپۆرتەکە، سکرتێرى تایبەتى بەڕێوەبەرى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى پێشوو کە هێڵى پەیوەندیى نێوان بەڕێوەبەرى نووسینگەکە و نوور زوهێر بووە، چەند جارێک لەگەڵیدا بە فڕۆکە تایبەتەکەى گەشتى کردووە.