چۆن ئیلۆن مەسک پلەی دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانی لە بەرژەوەندیی ئارنۆڵت لەدەستدا؟
رووداو دیجیتاڵ
ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەی کۆمپانیای تێسلا لە سەرەتای ساڵی 2021 بووە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان، بەڵام دوای دوو ساڵ ئەو ناسناوەی لەدەستدا.
بەهای کۆمپانیای تێسلا، بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە دوو ساڵدا بەڕێژەی هەزار لە سەدا واتا سەد هێندە بەرزبووەتەوە و ئەوەش مەسکی کردە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان.
ئیلۆن مەسک، بەڕیوەبەری جێبەجێکاری تێسلا گوتی، "ناتوانم زۆر باسی داهاتووی تێسلا بکەم، جگە لەوەی کە دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەرزان کارێکی باش و مانادارە."
مەسک خاوەنی 14.11٪ی پشکەکانی کۆمپانیای تێسلایە کە بەهاکەی 530 ملیار دۆلارە و جگە لە تێسلا، خاوەنی کۆمپانیای ( سپەیس ئێکس)یشە کە بەهاکەی 125 ملیار دۆلارە.
بەهای کۆمپانیای تێسلا ئەمساڵ بۆ نیو هێندە دابەزیوە. دابەزینی بەرچاوی بەهای کۆمپانیای تێسلا و کڕینی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بە 44 ملیار دۆلار بووەتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی سامانی مەسک بۆ 181 ملیار دۆلار. مەسک سەرەتای ئەمساڵ خاوەنی 304 ملیار بوو.
تویتەر رۆژانە چوار ملیۆن دۆلار زیان دەکات و مەسک دەیەوێت بەهەرشێوازێک بێت رێگە لەوە بگرێت. شێوازی بەڕێوەبردنی تویتەر رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە.
ستێفان بێنۆنی، شارەزای بازاڕە داراییەکان گوتی، "تویتەر خەریکە پاشەکشە دەکات بۆ قۆناخی ستارت ئەپ، ئەوەی کە روویداوە خراپبەڕێوەبردن و بڕیارە سەمەرەکانی مەسکە کە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەری کردووەتە تویتەرێکی دیکە. بردوویەتییەوە بۆ قۆناخە سەرەتاییەکان."
ئێستا بێرنارد ئارنۆڵت فەرەنسی خاوەنی گرووپی ( لوی ڤیتۆن) بووەتە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان. بێرنارد خاوەنی 60٪ پشکەکانی گرووپی لوی ڤیتۆنە کە دەیان براندی تایبەت بە کاڵای گرانبەها و جلوبەرگ و بۆنی هەیە و سامانەکەی بە سەرووی 186 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.