لێدوانی وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانە بە رووداوی گوت، چاوەڕوانن پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بدات بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجە. دەشڵێت، "کێشەی گەورە" لەبەردەم مووچەدا نییە.
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان، لە باکووی پایتەختی ئازەربایجان لەگەڵیدا کردوویەتی، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق باسی سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی بۆ هەرێمی کوردستان کرد. هەروەها ئاماژە بە رۆڵی عێراق لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرد و دەستپێشخەرییەکە بە "گرنگ" پێناسە دەکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، کێشەی گەورە لەبەردەم مووچەی سێ مانگی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا نییە.
عێراق رۆڵی نێوەندگیر لەنێوان هەردوو وڵاتی سووریا و تورکیادا دەگێڕێت، لەو بارەیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، جگە لە ئەوان، رووسیاش رۆڵی نێوەندگیریی گێڕاوە.
دەقی هەڤپەینەکە:
رووداو: مەبەستی سەرەکیی سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان چی بوو؟
د. فوئاد حوسێن: بە تێڕوانینی من، سەردانەکە زیاتر لە چوارچێوەی ئەوەدا بوو لەبارەی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان بکات. پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕاستی سەرکەوتنێک بوو. هەروەها باسی دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەوڵدانی بۆ یارمەتیدانی لایەنە سیاسییەکان، کە حکومەت بە زووترین کات دابمەزرێنن. هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و هاوپەیمانیی سیاسیش لەبەرچاوە (کە باسی لێوە کراوە).
رووداو: سەرۆکوەزیرانی عێراق نیازی هاوپەیمانیی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هەیە؟
د. فوئاد حوسێن: حیزبێکی هەیە؛ ئێستاش سەرۆکوەزیرانە و بێگومان هێزی سیاسیی هەیە و بەشداری دەکات، بەڵام چۆن هاوپەیمانیی دەکات، ئەوەیان من نازانم.
رووداو: هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر نەخشە و کارەکانی رێگەی گەشەپێدان رێککەوتن؟ چونکە لە رابردوودا گفتوگۆیەک هەبوو.
د. فوئاد حوسێن: گفتوگۆ هەبووە و بەردەوامیشە. هەروەها لەگەڵ تورکیا و دەوڵەتەکانی دیکەش گفتوگۆ هەیە.
رووداو: هێشتا رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە؟
د. فوئاد حوسێن: جارێ نا، بەڵام پێموایە لە کۆتاییدا هەردوولا دەبێت بگەنە رێککەوتنێک.
رووداو: دوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی داهاتوو چییە؟
د. فوئاد حوسێن: هەنگاوی داهاتوو؛ ئەو بڕیارەمان ناردووە بۆ پەرلەمان، چونکە لە چوارچێوەی یاسای بودجەدایە و هیوادارین لەم رۆژانەدا پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات. ئەگەر دەنگی لەسەر بدات، مانای ئەوەیە هەرێمی کوردستان دەتوانێت نەوت هەناردە بکات.
رووداو: سەرەتای ساڵی داهاتوو نەوتی هەرێمی کوردستان بە بۆریی هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرێتەوە؟
د. فوئاد حوسێن: لەسەر دەنگدانی پەرلەمان دەمێنێتەوە. ئەگەر پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات، دوور نییە پێش سەری ساڵیش بنێردرێت، بەڵام لەسەر دەنگدانی پەرلەمانی عێراق دەمێنێتەوە.
رووداو: کەی هاتووچۆی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر بابەتی مووچە کۆتایی دێت؟
د. فوئاد حوسێن: ئەگەر پەرلەمان ئەو پەرەگرافەی ناردوومانە بۆیان دەنگی لەسەر بدات، بابەتی نەوت چارەسەر دەکات، لە ئەنجامی ئەوەش دا بابەتی بودجە چارەسەر دەبێت. بابەتەکە دوو کار دەکات؛ ناردنەوەی نەوت بۆ تورکیا لە رێگەی ئەو بۆرییەی کە هەیە، هەروەها بابەتی بودجە.
رووداو: مووچەی سێ مانگی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان مسۆگەرە و کێشەی نییە؟
د. فوئاد حوسێن: نازانم.. ئەوەی من بیزانم کێشەی گەورەی نییە، جارەکانی دیکە هەندێک بابەت هەبوون لەسەر ناوەکان، بەڵام کێشەی گەورە نییە.
رووداو: ئەوانە چارەسەربوون؟
د. فوئاد حوسێن: خەریکبوون چارەسەر بکرێن.
رووداو: پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا گەیشتوونەتە ئاستێک لە چاوەڕوانیی هەردوولادا بێت؟
د. فوئاد حوسێن: پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق زۆر باشن، بەردەوام دانوستاندن و پەیوەندییەکی تەندروست هەیە.
رووداو: لە تورکیا گفتوگۆیەک بۆ ئاشتی دەستیپێکردووە. روونیشە بەشێکی زۆری پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقدایە، عێراق لەو بابەتەدا دەتوانێت رۆڵ بگێڕێت؟
د. فوئاد حوسێن: ئێمە لە پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و لەبارەی ئەم بابەتەشەوە لە چوارچێوەی بیروڕاگۆڕینەوەدا باسمان کردووە. بێگومان ئەمە بابەتێکی نێوخۆیی تورکیایە، بەڵام هەرچەند کۆمەڵگەی تورکیا بەرەو سەقامگیری بڕوات بۆ عێراقیش گرنگە، لەو چوارچێوەیەدا لە دانیشتنەکان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا ئەوانەمان باسکردووە و هیوادارین بگەنە ئەنجام. دەستپێشخەرییەکی باش و گرنگە.
رووداو: ئێوە لە عێراق پێشوازی لێدەکەن؟
د. فوئاد حوسێن: دەستپێشخەرییەکی باش و گرنگە، ئێمە خۆشحاڵی خۆمان دەربڕیوە ئەگەر بگەنە ئەنجامێک.
رووداو: عێراق هیچ رۆڵێک دەگێڕێت لەنێوان تورکیا و سووریا؟
د. فوئاد حوسێن: دوای سەردانی جەنابی سەرۆکوەزیران {سوودانی} بۆ ئیستەنبووڵ و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆمار ئۆردۆغان، بەشێکی باسی پەیوەندییەکانی سووریا و تورکیا بووە. بەڵام کۆمەڵێک بابەتی دیکەش هەن.
رووداو: بەربەستی گەورە لە نزیکبوونەی تورکیا و سووریادا هەیە؟
د. فوئاد حوسێن: من، حەزناکەم باسی بکەم، بەڵام کێشەی گەورە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا لە هەردوو لایەنەوە دەستپێشخەری هەیە. لایەنی سێیەمیش هەیە، جارێ عێراقە، جارێک رووسیا و خەڵکی دیکەش هەیە.
رووداو: دۆناڵد ترامپ جارێکی دیکە بووەوە سەرۆکی ئەمریکا، چاوەڕانی چی لە چوار ساڵی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا دەکەن؟
د. فوئاد حوسێن: ئەوە هەڵبژێردراوی خەڵکی ئەمریکایە و ئێمەش پێشوازیی لێدەکەین. سیاسەتی سەرۆک ترەمپ لەو کاتەی سەرۆک بوو، روون بوو و مرۆڤ دەتوانێت باسی بکات، بەڵام سیاسەتی داهاتوو زەحمەتە، چونکە قۆناخێکی دیکە و تیمێکی دیکەیە، هەندێکیان دەناسین و باکگراوندیان بە عێراقەوە هەیە کە سەرباز یان ئەفسەر بوون لە عێراق، هەندێکیان ماوەیەکی دوورودرێژ لەسەر عێراق کاریان کردووە. با چاوەڕوان بکەین بزانین سیاسەتیان چۆن دەبێت، بەڵام سیاسەتی سەرۆک ترەمپ جیادەبێت لە سەرۆک بایدن لە بابەتی نێودەوڵەتیدا.
رووداو: تاوەکو ئێستا عێراق سەرکەوتوو بووە لە دوورخستنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە؟
د. فوئاد حوسێن: ناوچەکە لەژێر گوشاری جەنگدایە، تاوەکو ئێستا عێراق توانیویەتی خاکەکەی لە هەر هێرشێک بپارێزێت و سەرکەوتوو بووە.
رووداو: پێتوایە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت یان کۆتایی دێت و ئاگربەست دەکرێت؟
د. فوئاد حوسێن: روونە کە دۆخەکە ئاڵۆزە، بەڵام دەگاتە قۆناخی جەنگ؟ بەتایبەت هێرش دژی ئێران، ئەوە پرسیارێکە، ئەگەر ئەوە بکرێت بەڕاستی ناوچەکە دۆخەکەی زۆر تێکدەچێت، ئەوکاتە عێراقیش دەکەوێتە کێشەوە، ئەوە مانای ئەوەیە جوگرافیای عێراق دەکەوێتە نێو جوگرافیای شەڕەوە.