موسەننا ئەمین: سوودانی گوتی 'مووچە مسۆگەرە'
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سوودانی رایگەیاندووە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان "مسۆگەرە"، بەڵام هەندێکجار بەهۆی کێشەی هونەرییەوە دوادەکەوێت.
دوێنێ چوارشەممە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەولێر و سلێمانیی کرد. پێکهێنانی حکومەت، هەناردەکردنەوەی نەوت، رێگەی گەشەپێدان و مووچە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەی سوودانی و لایەنەکان بوون.
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو لەبارەی کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ حیزبەکەی لە سلێمانی، بە رووداوی گوت، باسیان لە چەند پرسێک کرد، لەوانە: کێشەی مووچە، سەرژمێری لە هەڵەبجە، کێشەی جووتیاران، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەڵەبجە و چەند بابەتێکی دیکەیش.
سوودانی گوتی "مووچە مسۆگەرە"
د. موسەننا ئەمین بە رووداوی گوت، بەشێکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سوودانی تایبەت بوو بە کێشەکانی مووچە، لەو بارەیەوە سوودانی رایگەیاند، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان "مسۆگەرە و پارەی پێویست بۆ مووچە دابین دەکەین"، بەڵام هەندێکجار کێشە هونەرییەکان دەبنە هۆکاری دواکەوتنی.
"لیستی مووچە جێگیر نییە و گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت"، ئەمە گوتەی د. موسەننا ئەمینە، دەشڵێت، هۆکارێکی دیکەی دواکەوتنی مووچە ئەوەیە هەندێک جار لە عێراق کێشەی سیولە دروست دەبێت.
لەبارەی هەڵەبجە باسی چی کرا؟
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە رایگەیاند، لە سەرژمێریدا پارێزگای هەڵەبجە وەکو قەزا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، کە ئەمە بڕیارێکی راست نییە و وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئامار کەمتەرخەم بوون لەم بابەتە.
سوودانی نزیکەی 45 خولەک لەگەڵ یەکگرتوو کۆبووەوە. لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵەبجە کرا. موسەننا ئەمین دەڵێت، گلەییان کردووە لەوەی ئەو پارێزگایە لە سەرژمێریدا وەکو قەزا هەژمار کراوە. دەشڵێت: داوامان لە سوودانی کرد، هاوکار بێت لە تەواوکردنی رێکارەکانی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، چونکە ئەو پرۆسەیە پێویستی بە هەوڵەکانی ئەو هەیە.
"هەڵەبجە داوای 750 ملیۆن دینار لە بەغدا دەکات"
رۆژی 03-11-2024، شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە و زۆرترین بڕ لە هەڵەبجە باری، بەهۆیەوە ئاو چووە نێو چەندین ماڵ و زیانی زۆریان پێگەیشت. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەڵەبجە داوای لە بەغدا کردووە 750 ملیۆن دیناریان بۆ تەرخان بکات بۆ ئەوەی قەرەبووی زیانلێکەوتووانی پێ بکەنەوە.
پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو لەو بارەیەوە گوتی، "داوامان لە سوودانی کرد، قەرەبووی زیانلێکەوتووانی هەڵەبجە بکاتەوە، ئەویش گوتی 'بابەتەکە بە جدی وەردەگم' و داوای لە نووسینگەکەی کرد لای خۆیان بینووسن".
ئەم ساڵ داوا لە سوودانی کرا بەشداریی لە یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا بکات، بەڵام نەیتوانی. موسەننا ئەمین دەڵێت، داوایان لێکردووە ئەم ساڵ بەشداریی لە یادەکەدا بکات و بیکاتە دەرفەتێک بۆ کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ خەڵک و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەش، "سوودانی داوای لە نووسینگەکەی کرد لە کاتی خۆیدا بەبیری بهێننەوە".