نرخی زێڕ بۆ کەمترین ئاستی 8 هەفتەی رابردووی خۆی دابەزی

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ کەمترین ئاستی 8 هەفتەی رابردووی خۆی دابەزی و هەر ئۆنسەیەکی بە 2560 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ، ئەمڕۆ بەڕێژەی 0.6٪ـی دیکە دابەزی و درێژەیدا بە دابەزینە گەورەکانی ئەم هەفتەیە. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بەڕیژەی 0.9٪ دابەزی و ئۆنسەیەکی بە 2564 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە دراوەکانی دیکە بەرزبووەتەوە بۆ بەرزترین ئاستی ئەم ساڵ، ئەوەش بە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی زێڕ دادەنرێت.
 
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، زیانی گەورە لە نرخی زێڕ دەدات، بەوپێیەی ئەو وڵاتانەی بە دراوێکی دیکە جگە لە دۆلار مامەڵە بە زێڕەوە دەکەن، زێڕ گران لەسەریان رادەوەستێت و خواست لەلایەن ئەو وڵاتانەوە بۆ کڕێنی زێڕ دادەبەزێنێت.
 
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( کاپیتاڵ دۆت کۆم) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "لە کاتی ئێستادا نرخی زێڕ تەنیا کاریگەرە بە بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و ئەوەش لە کورتخایەندا دابەزینی بەهای دۆلاری لێکەوتووەتەوە."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، ئامارەکانی هەڵاوسان ئاماژە بەوە دەکەن کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەتوانێت بەردەوام بێت لە کەمکردنەوەی سوودی بانکی، بەڵام ساڵی داهاتوو هەموو ئەگەرەکان ئاماژە بۆ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان دەکەن، ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ داناوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە