رێباز حەملان: چاوەڕێی وەڵامی بەغداین بۆ ناردنی مووچەی سێ مانگی دیکەی فەرمانبەران

14-11-2023
هیدایەت جان
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

رێباز حەملان دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کردووە مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرن و لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش گوتی، "لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر پارەی کۆمپانیاکانی نەوت لێک نزیکبووینەتەوە و چاوەڕوانی وەڵامی بەغداین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان".

رۆژی سێشەممە، 14ی تشرینی دووەمی 2023، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی گفتوگۆکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان گوتی، "لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە، وەزیری نەوتی عێراق ماوەی دوو رۆژ لە هەرێمی کوردستان بوو. لەو ماوەیەدا لەسەر زۆربەی بابەتە تەکنیکی، یاسایی و کارگێڕییەکان گفتوگۆ کرا".
 
رێباز حەملان دەڵیت، "ئەو بەرپرسیاریەتییەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە جێبەجێ کراوە. بابەتێک هەبوو لەسەر ئەو پارە تەرخانکراوەی پەیوەستە بە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لە هەرێمی کوردستان کە ئێمە ژمارەیەکمان گوتبوو و عێراق ژمارەیەکی دانابوو. ئێستا نزیکبوونەوەیەک لەو بابەتەدا هەیە".
 
بە گوتەی یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ بەغدا راوێژ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنی پەیوەندیدار دەکات و دواتر وەڵاممان دەدەنەوە. ئەوەی ئێمە لە شاندەکە و دیدگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بینیمان، دەریدەخات کە دەگەین بە ئەنجام و بە زووترین کات نەوت هەناردە دەکرێتەوە".
 
سەبارەت بە راکێشانی بۆریی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ کەرکووک، رێباز حەملان گوتی، "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان گرێبەستێکی یاسایی و نێودەوڵەتی لەگەڵ دانەگاز هەیە؛ بۆیە هەر هەناردەیەک بەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت، نایاساییە و رێگەشی پێنادرێت".
 
حکومەت داوای سێ مووچەی دیکەی لە عێراق کردووە
 
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران باس لە نامەیەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات کە ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە و تێیدا داوای هەمواری یاسای بودجە و دەرهێنانی مووچەی فەرمانبەران لە خەرجییە راستەقینەکان کراوە؛ هاوکات داواش کراوە بەغدا مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات.
 
رێباز حەملان لەوبارەیەوە دەڵێت، "ئێمە داوای مووچەی شەش مانگی کۆتایی ساڵی 2023مان کرد، بەڵام حکومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر ناردنی سێ مانگی ئەو مووچەیە دا و بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دیناری دیاریکرد. ئێستاش لەو سێ مانگە، پارەی دوو مانگیان ناردووە و بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەشدا 700 ملیار دیناری دیکە بنێرن".
 
یاریدەدەری سەرۆکوەزیران دەڵیت، لەو نامەیەدا سەرۆکوەزیران بۆ مانگەکانی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵ داوای سێ مووچەی دیکەی کردووە و محەممەد شیاع سوودانی بەڵێنی بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و لە ژمێرەی کۆتایی وەزارەتی دارایی عێراق باس بکرێت" و دەشڵێت، "هیوایەکی گەورە هەیە کە سێ مووچەی دیکەش بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت و ئێستا چاوەڕێی وەڵامی حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایین".
 
هەمواری یاسای بودجە
 
بە گوتەی رێباز حەملان، خاڵی دووەمی نامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر پرسی بودجەیە و دەڵێت، "داوا کراوە ئەو بڕگەیەی پەیوەندی بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، لە خەرجییە راستەقینەکان دەربهێنرێت و حکومەتی عێراقیش بەڵێنی داوە ئەوە بکات".
 
رێباز حەملان دەڵیت، "بۆ ساڵی 2024 لیژنەیەکی هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق پێکدێت و لەگەڵ هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن بۆ ناردنەوەی یاسای بودجە بۆ پەرلەمان و هەمواری ئەو بڕگەیە. بەشێکی زۆری لایەنە شیعەکانیش لەسەر ئەم بابەتە نەرمییان نواندووە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە