بەهای دینار بەرزبووەوە؛ 100 دۆلار بە 156 هەزار و 750 دینارە

رووداو دیجیتاڵ 

بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 156 هەزار  و 750 دینار بۆ 158 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، 14.11.2023 حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 100 دۆلار بە 157 هەزار و750 دینار بۆ 158هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت و رەنگە بەهای دینار زیاتریش بەرزبێتەوە. دواتر کاژێر 2:45 خولەک بە کاتی هەولێر، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار زیاتر بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 156 هەزار و 750 دینار مامەڵەی پێوەکرا. 
 
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 100 دۆلار بە زیاتر لە 161 هەزار دینار بوو، بەڵام پێش نیوە شەو، بەهاکەی گەیشتە کەمتر لە 160 هەزار دینار.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق، نزیکەی 200 ملیۆن دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و 30 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاش خستە بازاڕەوە.
 
بەرزبوونەوەی بەهای دینار دوای ئەوە هات کە یەکشەممە، 12-11-2023 ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری ئەبوزەبی لە ئیمارات، عێراق و ئەمریکا لەسەر ئەوە رێککەوتوون بانکی زیاتری عێراقی دۆلار لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا وەربگرن.
 
رۆژی یەکشەممە 12-11-2023، سەرچاوەیەکی بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی زیادکردنی ژمارەی ئەو بانکانەی لەلایەن ئەمریکاوە دۆلاریان پێ دەدرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەپێی رێککەوتنی نێوان بانکی ناوەندیی عێراق و بانکی فیدراڵیی ئەمریکا، ژمارەی ئەو بانکە عێراقییانەی وەرگرتنی دۆلار دەیانگرێتەوە و دەتوانن راستەوخۆ لە وەرگرتنی دۆلار لە ئەمریکاوە سوودمەندبن، بۆ 10 بانک زیادکراون".