نرخی زێڕ دابەزی بۆ نزیکەی 2651 دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە لە نزیکەی 2651 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و ئاراستەی دابەزینی گرتەبەر.
 
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.
 
دوای ئەوەی نرخی زێڕ لە دوایین کۆبوونەوەی بازاڕەکان لە رۆژی هەینی بەهۆی تەشەنەکردنی مەترسییە جیۆسیاسییەکان، بە رێژەی 1% بەرزبووەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 0.2%ی بەهای خۆی لەدەستدا.
 
نرخی زێڕ ئەمڕۆ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 12، دابەزی بۆ 2669 دۆلار.
 
پێنوێنی دۆلار رۆژی دووشەممە بە رێژەی 0.1% بەرزبووەوە، کە نزیکە لە بەرزترین ئاستەکانی دوو مانگی رابردووی خۆی.
 
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەردەوامیی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی گوشار لەسەر نرخی زێڕ درووست ببێت."
 
89%ی بازرگانان ئێستا چانسی دابەزینی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی داهاتووی بانکەکە بە رێژەی 0.25% مەزەندە دەکەن.
 
11%ی بازرگانانیش پێشبینی دەکەن بانکی ناوەندی ئەمریکا سوودی بانکی نەگۆڕێت.
 
رۆژی هەینی داتاکانی کۆفرۆشی لە ئەمریکا بڵاوبوونەوە و تیایدا دەرکەوت گۆڕانکاری لە نرخەکان رووینەداوە و بە واتایەکی دیکە، ئامارە نوێیەکانی ئابووری ئەمریکا پاڵپشتی لەوە ناکەن کە رێژەی هەڵاوسان بەردەوام بێت لە دابەزین. ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی زێڕ.