نرخی نەوت زیاتر لە دۆلارێک دابەزی؛ بازرگانان دوودڵن

دوێنێ کاژێر 07:40
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمڕۆ زیاتر لە دۆلارێک لە بەهای خۆی لەدەستدا و بە ڕێژەی 1.5٪ دابەزی.
 
دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان لە چین، کە ئاشکرایان کرد رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە بەرەو دابەزین دەڕوات، نرخی نەوت ئاراستەی دابەزینی گرتەبەر.
 
بازرگانانی نەوت هەروەها دوودڵن لەوەی هاندانە ئابوورییەکانی ئەم دواییەی چین، بتوانێت خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لە گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاو لە جیهان، بەرزبکاتەوە.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، ئەمڕۆ (دووشەممە، 14-10-2024) لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 1.26 دۆلار دابەزی و یەک بەرمیلی بە 77 دۆلار و 78 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1.20 دۆلار دابەزی و بە 74.36 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
هەفتەی رابردوو نیگەرانی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران، نرخی نەوتی برێنتی تاوەکو 81 دۆلاریش بەرزکردەوە، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە کەنداو، هۆشدارییان داوە بە ئیسرائیل هێرش نەکاتە سەر ئەو دامەزراوانە.
 
نرخەکانی بەکاربەر لە چین لە مانگی ئەیلوولدا تەنیا بەڕێژەی 0.4٪ بەرزبوونەتەوە کە کەمتر بوون لە ئاستی پێشبینییەکان. نرخەکانی کۆفرۆشیش لەو وڵاتە بە رێژەی 2.8٪ لە ئاستی ساڵانەدا دابەزیون. ئەو ئامارانە ئاماژەیەکن بۆ کەمبوونەوەی بەکارهێنان لە چین، کە بە نەرێنی کاریگەری لەسەر نرخی نەوت داناوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە