عەلی عەللاق بۆ رووداو: دابەزینی نرخی نەوت نرخی دینار دانابەزێنێت
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە دۆلار بە نرخی فەرمی [100 دۆلار بە131 هەزار دینار] دەدەن و هەر نرخێک جگە لەوە ئاماژەیە بە جووڵەی گوماناوی. "وردبینی بۆ هەموو حەواڵەیەکیش دەکەین."
عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداوی لە بەغدا گوت: "دابەزینی نرخی نەوت پەیوەندی بە دابەزینی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو [دۆلارەوە] نییە".
گوتیشی: "عێراق یەدەگی دراوی بیانیی زۆری هەیە کە تواناداری دەکات بەشێوەیەکی بەرچاو نرخی دراوەکەی [دینار] بەرزبکاتەوە".
پارێزگار دەڵێت: "بانکی ناوەندی، دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ هەموو مەبەستێکی بازرگانی، تایبەت و گەشتیاران و هەموو جۆرە چالاکییەکی شەرعی دەدات. هەر نرخێکیش جگە لەوە ئاماژەیە بە هەبوونی جووڵەی گوماناوی کە دەیەوێت لە سیستم لابدات".
عەللاق دەشڵێت، "بۆ هەر یەکێک لە کەناڵەکان رێگەی پارێزراو دانراوە و چاودێریی زۆر هەیە بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی پێشوەختەی چالاکییەکان پێش جێبەجێکردنیان".
لەبارەی حەواڵەشەوە عەللاق گوتی، پێشتر لە "قۆناخێکی دواتردا" وردبینییان بۆ دەکرا، "بەڵام ئەمڕۆ هەموو پرۆسەیەکی حەواڵە پێشتر وردبینیی بۆ دەکرێت".
پارێزگاری بانکی ناوەندیی لە کۆنفرانسی "پارەدانی ئەلیکترۆنی بەرەو سەقامگیریی دارایی " گوتی: "بانکە ئەلیکترۆنییەکان لە جیهاندا لە پەرەسەندندان. قەبارەی سەرمایەکەشیان ساڵانە 5 بۆ 7 ترلیۆن دۆلارە".
عەللاق دەڵێت: "لێکۆڵینەوەی قووڵمان کرد تا گەیشتینە دانانی بنچینە بۆ مۆڵەتدان بەم بانکە دیجیتاڵیانە".
پارێزگاری بانکی ناوەندی گوتیشی: "سەرمان سوڕما لە ژمارەی داواکاران بۆ کردنەوەی بانکی دیجیتاڵی، 60 بۆ 70 داواکاریی مۆڵەتی کردنەوەی بانکی دیجیتاڵیمان پێگەیشتووە و لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکانیان دەکەین".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە لەگەڵ کاروانی گەشەپێدان و هەنگاونانین بە ئاڕاستەی گەشەپێدان، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ زۆر لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی هەیە و لە دوو ئاستدایە کە پشت بە کەرتی بانکی و تواناکانی بانکی ناوەندی دەبەستێت بۆ ئەوەی هاوسەنگ بێت لەگەڵ گەشەپێدان و بەشداریکردن لە کەرتی بانکی ناوەندیدا لە پەرەپێدانی پڕۆگرامی جۆراوجۆر".
گوتیشی، "عێراق توانای گونجاندن و پەرەپێدانی هەیە".
عەلی عەللاق گوتیشی، "بانکی ناوەندی گرێبەستی گرنگی لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتمەندەکان هەیە. کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانیش هەڵدەبژێرێت بۆ پەرەپێدانی بەرنامەکان، جگە لە هاوکاری نێودەوڵەتی".
دەشڵێت، "بانکی ناوەندی [ـی عێراق] پەیوەندیی کاریگەری لەگەڵ بانکە نێودەوڵەتی و جیهانییەکان هەیە، جگە لە کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی".
عەللاق باسی لەوەشکرد، ئێستا پارەدانی ئەلیکترۆنی لە نزیکەی 20% لە چەند ساڵێک لەمەوبەرەوە بۆ 48.5% بەرزبووەتەوە کە دوو ئەوەندەی پێشترە.
گوتیشی، "گۆڕانکارییەکی گەورە هەیە کە پاڵپشتی خۆی لە ستراتیجییەتێکی نیشتمانی وەردەگرێت و حکومەت بە جیدی و راستەوخۆ لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە سەرنجی لەسەریەتی. ئەم بابەتەش بە وردی پەیڕەو دەکرێت، بەتایبەتی بە دابینکردنی ژێرخانی پێویست".
بە گوتەی عەللاق، "ئێستا عێراق ژێرخانی پێشکەوتووی هەیە بۆ وەرگرتنی ئامرازەکانی پەرەپێدانی ئەلیکترۆنی و خزمەتگوزاریی دارایی بە هەموو شێوەکانییەوە. بەهیوای ئەوەی بەمزووانە بچینە قۆناخی بانکە دیجیتاڵییەکان کە مۆبایل بۆ چالاکییەکانی بانکی بەکاردەهێندرێت".