رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و بۆ یەکەمجار لە ئەم ساڵدا نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت گەیشتە سەرووی 93 دۆلار.
رۆژی پێنجشەممە 14-09-2023 نرخی نەوتی برێنت دۆلارێک و 51 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 93 دۆلار و 39 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
هاوکات نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش دۆلارێک و 39 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 89 دۆلار و 91 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کەمکردنەوەی بەرهەم و هەناردەی نەوتی سعودیەیە.
رۆژی سێشەممە، 05-09-2023 سعودیە ماوەی کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی ملیۆنێک بەرمیل نەوتی رۆژانەی تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ درێژکردەوە کە لە مانگی تەممووزدا چووبووە بواری جێبەجێکردنەوە.
هاوشانی سعودیە، رووسیاش درێژکردنەوەی ماوەی کەمکردنەوەی هەناردەی 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی تاوەکو هەمان ماوە راگەیاند. ئەو بڕەی دوو سەرکردەکەی ئۆپێک پڵەس کەمیان کردووەتەوە ملیۆنێک و 300 هەزار بەرمیلە، کە دەکاتە نزیکەی 1.5٪ـی خواستی رۆژانەی جیهان لەسەر نەوت.
هاوکات ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رۆژی چوارشەممە 13-09-2023 لە راپۆرتی مانگانەی خۆی لەبارەی بازاڕی نەوت رایگەیاند: "هاوپەیمانیی نێوان سعودیە و رووسیا ئاڵنگاریی گەورە بۆ بازاڕەکانی نەوت دروستدەکات". دەشڵێت: "لە مانگی ئەیلوول بەدواوە، کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوتی ئۆپێک پڵەس بە رابەرایەتیی سعودیە دەبێتە هۆی ئەوەی لە چارەکی چوارەمی ئەم ساڵدا خستنەڕووی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو کەمببێتەوە."
کاریگەریی بڕیاری دوو سەرکردە دی فاکتۆیەکەی ئۆپێک پڵەس بە جۆرێکە، سەرەڕای نیگەرانییەکان لەبارەی لاوازیی گەشەی ئابووری و بەرزبوونەوەی ئاستی نەوت لە کۆگەکانی ئەمریکا، نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.
تاماس ڤارگا، شرۆڤەکاری نەوت لە کۆمپانیای PVM دەڵێت، "ئەو راپۆرتە [کەمبوونەوەی نەوت لە کۆگاکانی ئەمریکا] تەنیا هاندەرێکی کورتخایەن بوو بۆ فرۆشتن". دەشڵێت، کاریگەریی کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت بەدرێژایی ئەم ساڵ باڵ بەسەر بازاڕدا دەکێشێت.
مەبەست لە بڕیارەکەی سعودیە و رووسیا بەرزکردنەوەی نرخی نەوتە، کە لە مانگەکانی دواییدا دابەزیبوو و، بەرمیلێک نەوتی برێنت لە مانگی رابردوودا بە نزیکەی 85 دۆلار بوو.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی نەوتە لەدوای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە تۆمارکرابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ