شاندی هەرێمی کوردستان داوای 750 ملیار دیناری مانگانەی کردووە بۆ مووچە


رووداو دیجیتاڵ

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە شاندی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی مووچە، بودجە و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گەیشتە بەغدا. پەیامنێری رووداو  دەڵێت، شاندی حکومەت داوای 750 ملیار دیناری مانگانەی کردووە بۆ مووچەی مانگەکانی 7 تاوەکو 12.
 
شاندەکەی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ئاوات شیخ جەناب، وەزیری دارایی، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەندامانی شاندەکەن.
 
سەرەتا شاندەکە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و نووسینگەی سوودانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، جەختیان لە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشە یاسایی و داراییەکانی نێوان هەردوو حکومەت بەپێی دەستوور کردووەتەوە.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ سوودانی، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە کە مانگانە 750 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرن بۆ مانگەکانی 7، 8، 9، 10، 11 و 12 بۆئەوەی لەگەڵ داهاتی نێوخۆ مووچەی ئەو مانگانەی پێ دابەش بکەن.
 

 

 
پەیامنێری رووداو باسی لە داواکارییەکی دیکەی شاندی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، بەپێی زانیارییەکان، شاندەکە هەروەها داوای کردووە لە 01-01-2024ـەوە یاسای بودجە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت کە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان زیاترە لە 16 تریلیۆن دینار، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز، لە کۆبوونەوەکەدا وەڵامی راستەوخۆ بە شاندی حکومەتی هەرێمی کورستان نەدراوە لەوبارەیەوە.
 
مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) وێنەیەکی خۆی و محەممەد شیاع سوودانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان."
 

 
سەرەتای کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی بوو. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاویکردەوە، حکومەتی عێراق رژدە لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێکی ریشەیی بۆ کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

 

دواتر، مەسرور بارزانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ سوودانی "بیری هەموولایەکمان خستەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و هەمان چاوەڕوانیمان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ هەیە." 
 
لە وەڵامدا، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سوودانیش ئامادەیی خۆی نیشاندایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و یاساکان و جەختی لەوە کردەوە، کە بە هەموو لایەک هەوڵبدرێت بۆ دابینکردنی پشتیوانیی سیاسی لەپێناو دۆزینەوەی هەرچی زووتری چارەسەرە بۆ گشت کێشەکان."

 

کۆبوونەوەی دووەمی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بە‌غدا لەگەڵ خەمیس جەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی سوننە بوو.

 
 
هەر ئەمڕۆ، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، "تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدامان کرد، هەروەها گفتوگۆمان لەسەر دۆخی کەرکووک و شنگال و کێشە داراییەکان کرد." دەشڵێت، "داوام لە بەڕێز سەرۆککۆمار کرد وەکو پارێزەری دەستوور دەسەڵاتەکانی خۆی بەکار بهێنێت." 

 

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان؛ ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی و حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، مەسرور بارزانی گوتی: داوام کرد هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق پاڵپشتی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و مووچەخۆرانی هەرێم[ـی کوردستان] بن و مافەکانیان وەک هاووڵاتییانی دیکەی عێراق پێ بدرێت و پارێزراو بێت و مافەکانی خەڵکی کوردستان تێکەڵ بە بابەتی سیاسی نەکرێت و پاڵپشتی رێککەوتنەکان  و چارەسەرکردنی کێشەکان بن. 
 
 

 
پەیامنێری رووداو دەڵێت، تاوەکو درەنگی شەو کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەردەوام دەبێت و بڕیارە شاندەکە لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی حیزبەکان کۆببێتەوە.