بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا نرخی نەوت و زێڕی دابەزاند


رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بەهۆی نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خستنەڕووی ئەو کاڵا ستراتیژییە بە بەرزبوونەوەیە کرایەوە، بەڵام دوای چەند کاژێرێک لە دەستپێکردنی مامەڵەکان ئاراستەی نرخی نەوت گۆڕدراو و رووی لە دابەزین کرد.
 
دابەزینی نرخی نەوت دوای بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان لە ئەمریکا دێت کە بووە هۆکار بۆئەوەی وەبەرهێنەران و بازرگانان چاوەڕوانی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بە رێژەیەکی بەرچاو لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بکەن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14-9-2022 هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 36 سەنت دابەزی و بە 92 دۆلار و 81 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 29 سەنت دابەزی بە 87 دۆلار و دوو سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەپێی نووسینگەی ئاماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە لە مانگی ئاب بەراورد بە مانگی تەممووز بە رێژەی 0.1 بەرزبووەتەوە، لە ئاستی ساڵانەش هەڵاوسان بە رێژەی 8.3٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
بازرگانان پێیانوایە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆتایی ئەم مانگە رێژەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.75٪ـی دیکە بەرزدەکاتەوە ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا رووبدات و بەوپێەش خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە.
 
بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا لە کاتێكدا بوو کە چاوەڕوان دەکرا بەهۆی دابەزینی نرخی سووتەمەنی، نرخی کاڵاکانی دیکە دابەزێت، بەو پێیەش رێژەی هەڵاوسان لە مانگی رابردوو کەمبێتەوە، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی ماددە خۆراکییەکان و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان رێژەی هەڵاوسانی لە ئەمریکا لە مانگی ئاب بەرزکردەوە.
 
هەرچەندە نرخی سووتەمەنی بە رێژەی زیاتر لە 10٪ دابەزیوە لە مانگی ئاب، بەڵام نرخی ماددە خۆراکییەکان بە رێژەی 13.5٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و ئەوەش تێکڕای رێژەی هەڵاوسانی لە مانگی ئابدا بەرزکردەوە.
 
نرخی زێڕ بۆ خوار 1700 دۆلار دابەزی
 
نرخی زێڕ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەردەوامیدا بە دابەزینەکانی رۆژی سێشەممە و نرخی هەر ئۆنسەیەک بە 1698 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. 
 
بازرگانانی زێڕ کۆکن لەسەر ئەوەی کە دوای بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا، بانکی ناوەندیی ئەمریکا چارەیەکی دیکەی نییە جگە لە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.75٪  کە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دراوەکانی دیکە و دابەزینی نرخی کاڵا و کانزاکان.
 
هاوکات بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە دراوەکانی دیکە دووبارە بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە 27 ساڵی رابردوودا.
 
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
 
100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 150 دیناری عێراقی
 
یۆرۆ - دۆلار 0.99 EUR/USD
 
پاوەند - دۆلار 1.152 GBP/USD
 
دۆلار - لیرە 18.25 USD/TRY
 
یەک دۆلار - ریاڵ (تمەن) 31 هەزار و 580 تمەن USD/IRR
 
یەک دۆلاری ئەمریکی: 59.98 روبڵی رووسی