بێكاری و قەیرانی دارایی، ئاژەڵداری دەبووژێنێتەوە
رووداو- هەولێر
قەیرانی دارایی و بێكاری لە چوار ساڵی رابردوودا خەڵكێكی زۆری گەڕاندووەتەوە بۆ ئاژەڵداری، بەو هۆیەوە پرۆژەكانی بەخێوكردنی ئاژەڵ بە رێژەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە، ئەمەش بەرهەمی گۆشتی سوور و شیری زیاد كردووە.
بەهۆی قەیرانی دارایی، بڕینی بودجەی كوردستان لەلایەن بەغدا، دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش، زۆربەی سێكتەرەكان پەكیانكەوت و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان وەستان، بەڵام بەپێچەوانەوە جوڵە كەوتە سێكتەری كشتوكاڵ.
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، لە ساڵی 2013دا 57 پڕۆژەی بەخێوكردنی مەڕ و بزن، 47 پرۆژەی بەخێوكردنی مانگای شیر، 40 پرۆژەی بەخێوكردنی گۆلك و بەرخی مۆڵەتدار هەبوون، بەڵام ساڵی رابردوو ژمارەی پرۆژەكانی بەخێوكردنی مەڕ و بزن گەیشتوونەتە 70 پرۆژە، مانگای شیر 64 پرۆژە و بەخێوكردنی گۆلك و بەرخیش 49 پرۆژەی مۆڵەتدار، ئەمە جگە لە سەدان پرۆژەی بچووك كە لە دەرەوەی رێنماییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ دامەزراون، بەهۆی ئەو پرۆژانەوە بەرهەمی گۆشتی سوور لە 33 هەزار تۆنەوە بۆ 108 هەزار تۆن و بەرهەمی شیریش لە 168 تۆنەوە بۆ 270 هەزار تۆن زیاد بووە.
رەمەزان محەممەد، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە (رووداو)ی گوت: "بەهۆی قەیرانی دارایی و بێكاری، ژمارەیەكی زۆر خەڵك رووی لە پرۆژەی ئاژەڵداری كردووە، بەتایبەت پرۆژەی قەڵەوكردنی گۆلك و بەرخ و بەخێوكردنی مانگای شیر، بەو هۆیەشەوە بەراورد بە چوار ساڵی رابردوو بەرهەمی گۆشتی سوور 69% و شیریش 38% زیادی كردووە".
وەزارەتی كشتوكاڵ تێبینی كردووە، زیادبوونی پرۆژە ئاژەڵییە مۆڵەتدارەكان بەراورد بە پرۆژە بێ مۆڵەتەكان زۆر كەمە، بەڵام بۆ كەمبوونەوەی رێژەی بێكاری و زیادبوونی داهات، چاوپۆشییان لە مەرج و رێنماییەكان كردووە و رێگەیان بە پرۆژەی بێ مۆڵەتیش داوە.
وەرگرتنی مۆڵەت بۆ پڕۆژەی بەخێوكردنی ئاژەڵ، مەرجی خۆی هەیە، لەوانە دەبێت 500 مەتر لە گوند و شەقامی گشتی دوور بێت، 300 مەتریش لە پرۆژەی دیكە دوور بێت، بەڵام زۆربەی ئاژەڵدارەكان پرۆژەكانیان لەناو گوند دروستكردووە.
بەپێی داتاكانی كەرەنتینی كشتوكاڵی، ساڵی رابردوو 135 هەزار و 681 سەر ئاژەڵی زیندوو و 670 تۆن گۆشتی سوور بەفەرمی هاوردە كراوە.
رەمەزان محەممەد دەڵێت: "سەرچاوەی بەدەستهێنانی ئاژەڵیش یارمەتیدەر بووە بۆ گەڕانەوەی خەڵك بۆ ئاژەڵداری، چونكە ئێستا كۆمەڵێك كۆمپانیا و بازرگان ئاژەڵ لە دەرەوە دەهێنن و خەڵك بۆ قەڵەوكردنیان دەیانكڕن و دوایی بەقازانجی باش دەیانفرۆشنەوە".
زیادبوونی پرۆژەكانی بەخێوكردنی ئاژەڵی گۆشت و شیر، هێشتا بەرهەمەكەی نەگەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی. رەمەزان محەممەد، دەڵێت: "پرۆژەكان نزیكەی 50%ی پێداویستییەكانی ناوخۆ دابین دەكەن، بۆیە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆ و هاوسەنگكردنی نرخ، بە گوێرەی پێویستی پارێزگاكان رێگە بە هاوردەكردنی گۆشتی سوور دەدەین".
مەغدید عوسمان، خاوەنی پرۆژەیەكی قەڵەوكردنی گۆلكە لە گوندی كانی شاوێردی سەر بە ناحیەی كەسنەزان، ئێستا 250 سەر گۆلكی لە پرۆژەكەدا هەیە، دەڵێت: "ئێستا خەڵكێكی زۆر گەڕاونەتەوە سەر بەخێوكردنی ئاژەڵ. لە زۆربەی گوندەكان پرۆژەی بەخێوكردنی گۆلك و مەڕ و بزن هەیە".
مەغدید، نزیكەی 30 ساڵە ئاژەڵدارە، پێشتر ئاژەڵی بچووكی بەخێودەكرد و ماوەی 10 ساڵە رەشەوڵاخ بەخێو دەكات، دەڵێت: "پێشتر گۆلكی خۆماڵیمان بۆ قەڵەوكردن دەكڕی، بەڵام ئێستا گۆلكی جۆرجی، بەرازیلی، رۆمانی، توركی و ئێرانییە، چونكە گۆلكی ئەم وڵاتانە زووتر قەڵەو دەبن و لە بازاڕ پارە دەكات".
عومەر حەمەد بابۆڵی، دەڵاڵی ئاژەڵە لە گۆڕەپانی كڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ لە هەولێر، دەڵێت "كاوڕ و مەڕ لە سووریا هاوردە دەكرێ، قەڵەوەكان لە بازاڕ كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێ، لاوازەكانیش بۆ قەڵەوكردن دەكڕن و دوای قەڵەوكردنیان دەیانهێننەوە بازاڕ، گۆلك و جوانەگاش لە جۆرجیا، رۆمانیا، بەرازیل، ئۆرۆگوای، توركیا و ئێران دەهێنرێن".
عومەر بابۆڵی دەڵێت ئێستا بەڵێندەر، پزیشك، ئەندازیار و سەرمایەدار روویان لەو بازڕگانییە كردووە، لە رێگەی دەڵالەكان ئاژەڵ دەكڕن، گوندنشینانیش بە هاوبەشی یان بە كرێ بۆیان بەخێودەكەن، ئێستا لە زۆربەی گوندەكان پڕۆژەی بەخێوكردنی ئاژەڵ هەن.
بە گوتەی ئەو دەڵاڵە، دابەزینی بەهای لیرە و تمەن كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر هاوردەكردنی ئاژەڵ. عومەر دەڵێت: "لە توركیا ئاژەڵ بە قاچاخ دەهێنرێ، لە ئێرانیش دێت، بەڵام ئێران سنوورەكانی توند كردووە و هێنانی ئاژەڵ لە ئێران زەحمەت بووە".
بەهۆی قەیرانی دارایی و كەمیی بودجەوە، ماوەی سێ ساڵە بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ نەیتوانیوە سەرژمێری بۆ ئاژەڵەكانی هەرێمی كوردستان بكات، بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، ساڵی 2015 هەرێمی كوردستان خاوەنی 4.696.944 سەر ئاژەڵ بووە (4.336.825 مەڕ و بزن و 260.119 رەشەوڵاخ).
لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان پارێزگای سلێمانی لەڕووی ژمارەی ئاژەڵەوە لە پلەی یەكەمدایە، بەپێی داتاكانی ئەم پارێزگایە لە 4 ساڵی رابردوودا ژمارەی مەڕ و بزن لەو پارێزگایە 25% و رەشەوڵاخ 17% زیادی كردووە.
شەوكەت عەزیز، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە پارێزگای سلێمانی بە (رووداو)ی گوت: "بەهۆی قەیرانی دارایی و بێكاری، خەڵكێكی زۆر گەڕاونەتەوە گوندەكان بۆ بەخێوكردنی ئاژەڵ، بەم هۆیەوە ژمارەی ئاژەڵان لە پارێزگای سلێمانی زیادبووە، ئێستا خاوەنی ملیۆنێك و 800 هەزار سەر مەڕ و بزن و 180 هەزار سەر رەشەوڵاخین".
شەوكەت عەزیز گوتیشی "بەگوێرەی ئاماری پلاندانانی عێراق، پارێزگای سلێمانی، لەسەر ئاستی عێراقیش لەبەخێوكردنی ئاژەڵ، یەكەمە".