کۆمپانیایەکی نەوتی چینی هەڕەشەی کشانەوە لە عێراق دەکات


رووداو – هەولێر

کۆمپانیای پێترۆچاینای چینی کە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە پارێزگای میسانی باشووری عێراق، هەڕەشەی کشانەوە لە عێراق دەکات، ئەگەر خۆپێشاندانەکان لە نزیک کۆمپانیاکە لەو پارێزگایە بەردەوام بن.
 
کۆمپانیای پێترۆچاینا کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی چین لە بواری بەرهەمهێنانی نەوتدا، نیگەرانە لە بەردەوامبوونی خۆپێشاندان لە نزیک کۆمپانیاکەیان لە پارێزگای میسان، ترسیان هەیە زیان بە کاری کۆمپانیاکە بگات و ئەمەش وایکردووە کۆمپانیا چینییەکە هەڕەشەی کشانە لە عێراق بکات.
 
کۆمپانیای پێترۆچاینا لە ساڵی 2009وە گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی حلفایەی لە پارێزگای میسان لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆکردووە. کێڵگەکە بە یەکێک لە کێڵگە گەورەکانی نەوتی عێراق هەژمار دەکرێت و 4.1 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی سەلمێنراوی تێدایە.  
 
لە چەند ساڵی رابردوودا چین بەردەوام چاوی لە کاری وەبەرهێنان بووە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی و عێراقیش بەتایبەتی. بەگوێرەی راپۆرتێکی زانکۆی فودانی شەنگهای، لە ساڵی 2021، چین گرێبەستێکی بە بڕی 10.5ملیار دۆلار لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆ کردووە کە تایبەت بووە بە کاری بیناسازی.
 
لە ساڵی 2018 و لە کاتی سەردانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق بۆ چین، بەغدا و پەکین گرێبەستێکیان بە بەهای 30 ملیار دۆلار واژۆ کرد کە تایبەت بوو بە کاری وەبەرهێنانی کۆمپانیا چینییەکان لە بوارەکانی نەوت و گاز و نیشتەجێبوون لە عێراقدا.
 
پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی چین لەگەڵ عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکان و لە ساڵی 1981، بۆ یەکەمجار کۆمپانیای نیشتمانیی پەترۆڵیەمی چینی رووی لە عێراق کردووە و کاریان لە بواری نەوت و گازی عێراقدا دەستپێکردووە.