نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ: سبەینێ شایستەی دارایی مانگی نیسان دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، رۆژی دووشەممە دەست بە دابەشکردنی شایستەی دارایی مانگی نیسانی وانەبێژان دەکرێت.
کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-7-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی، 15ـی تەمموزی 2024، دەست بە دابەشکردنی شایستەی دارایی مانگی نیسانی مامۆستایانی وانەبێژ دەکرێت. بڕیارە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە شایستەکە لە سەرجەم پەروەردەکانی پارێزگا و شارەکان دابەش بکرێت".
کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی، "سبەی ئەو پەروەردانەی چەکی بانکییان تەواوکردووە شایستە داراییەکانیان دابەش دەکرێت، لەوانە پەروەردەکانی نێو شاری سلێمانی و دەرەوەی شاری سلێمانی، بەشێک لە پەروەردەکانی ناوەندی هەولێر و دەوروبەری".
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 37 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن و شایستەیان لەنێوان 250 هەزار بۆ 400 هەزار دینارە.
لە کۆبوونەوەی رۆژی 3ـی ئەم مانگەی دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژدا لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە بەڵێنی پێدان هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئەوەی پێش دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 مامۆستایانی وانەبێژ بەشێوەی گرێبەست لە ناوەندەکانی خوێندن دابمەزرێندرێن.