وەزارەتى نەوتى عێراق: بە رێککەوتن لەگەڵ ئۆپێک چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى نەوتى عێراق رایدەگەیێنێت، بە گوێرەى رێککەوتن لەگەڵ رێکخراوى ئۆپێک، بەرهەمهێنانی لە مانگى تەممووزەوە رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت دەبێت، تاوەکو مانگى ئەیلوولی ساڵی داهاتووش قەرەبووى زیادەى بەرهەمهێنانی نەوت دەکەنەوە.
ئەو زانیارییەى وەزارەتى نەوت لە راگەیێندراوێکى وەزارەتەکە بوو لەبارەى بڕى بەرهەمهێنان کە لەگەڵ رێکخراوى ئۆپێک لەسەرى رێککەوتوون.
وەزارەتى نەوت دەڵێت، "پابەند دەبین بە ئاستی بەرهەمهێنانى نەوت کە لەگەڵ رێکخراوى ئۆپێک لەسەرى رێککەوتوون و بۆ مانگى تەممووز و مانگەکانى دواتر چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنین."
دەستپێشخەریى عێراق بۆ کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانى نەوت لەگەڵ رێکخراوى ئۆپێک بۆ هێنانەدى سەقامگیرییە لە نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهان دا.
وەزارەتى نەوت ئاماژەى بەوەداوە ئەو زیادەیە کە لە بەرهەمهێنانى نەوتى ئەم ساڵ هەبووە، تاوەکو مانگى ئەیلوولى 2025 قەرەبووى دەکەنەوە.
عێراق رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل لەو نەوتەى بەرهەمى دەهێنێت، هەناردەى دەکات. بە گوێرەى یاسای بودجە، دەبێت رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات.
ئەو وەزارەتە رایگەیاند، بۆ مانگى حوزەیران کەمکردنەوەى خۆویستانەى بەرهەمهێنانى نەوت 148 هەزار بەرمیل بووە.