وەزارەتی کار: لە ئاییندەیەکی نزیک قەرزی بچووک دەستپێدەکاتەوە

14-07-2022
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو-هەولێر 

بڕیاری لێخۆشبوونی رێژەی 15٪ـی پێشینەکانی هاوسەرگیری، قەرزی بچووك، كشتوكاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری درێژکرایەوە. بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانی پڕۆژە بچووکەکانی گەنجان لە وەزارەتی کاریش دەڵێت: "لە ئاییندەیەکی نزیکدا پێدانی قەرزی بچووک بە گەنجان دەستپێدەکاتەوە."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-7-2022، ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانی پڕۆژە بچووکەکانی گەنجان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەی دەستپێکردنەوەی پێدانی قەرز بە گەنجان گوتی: "لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی دووبارە پێدانی قەرزی بچووک بە گەنجان دەستپێبکاتەوە، ئێستا لە قۆناخی هەڵسەنگاندن و دانانی میکانیزمی نوێی دەستپێکردنەوەین و لە ئاییندەیەکی نزیک دەستپێدەکاتەوە."
 
پڕۆژەی پێدانی قەرزی بچووک لە مانگی ئابی2011ـەوە دەستیپێکرد و لە 11-1-2016 بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرا.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانی پڕۆژە بچووکەکانی گەنجان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی "قەرزەکە بە مەبەستی دامەزراندنی پڕۆژە و رەخساندنی هەلی کارە بۆ گەنجان. بڕی قەرزەکەش لە ملیۆنێک دینار تاوەکو 15 ملیۆن دینارە. 8,136 گەنج لەو قەرزە سوودمەند بوونە."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی ماوەی كاركردن بە بڕیاری ژمارە 132، کە لە رێکەوتی 19ـی کانوونی دووەمی 2022 دەرچووە و تایبەتە بە لێخۆشبوونی 15٪ـی ئەو قەرزەی لای هاونیشتمانییانە. ئەو بڕیارە بۆ ماوەی سێ مانگ لە 20ـی حوزەیرانی 2022 تاوەکو 20ـی ئەیلولی 2022 کاری پێدەکرێت. ئەوەش دوا دەرفەت دەبێت بۆ سوودوەرگرتن لەو ئاسانكارییانە و جارێكی دیكە درێژ ناكرێتەوە.
 
بەپێی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی لەسەرە، ئەم بڕیارانە دراون. 
 
- داشكاندنی رێژەی 15٪ ئەو پێشینانەی حكومەت كە پێشینەی هاوسەرگیری، قەرزی بچووك، پێشینەكانی بانكی كشتوكاڵی، پێشینەی پڕۆژەكانی پیشەسازی و گەشتیاری و لێخۆشبوونی لە تەواوی ئەو سوودانەی لەسەر قەرزەکانە، بەو مەرجەی تەواوی بڕی پێشینەكان بۆ حكومەت بگەڕێننەوە.
 
- داشكاندنی رێژەی 15٪ لە بڕی پابەندی دارایی كەڵەكەبووی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار (شارەوانییەكان، گەشتوگوزار، ئاو) بەمەرجێك كەس و لایەنی بەرپرسیار لەو پابەندییە داراییە ئامادەبن تاوەکو 90 رۆژی كار لە کاتی دەرچوونی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانەوە. تەواوی بڕی ئەو پابەندییە داراییانە بۆ حكومەت بگەڕیننەوە.
 
- بڕگەكانی سەرەوە لێخۆشبوونی تەواوی سزای دارایی دواكەوتنی قەرزی پارەی بەشدارییەكان (مساهمات صندوق الضمان الإجتماعي) تایبەت بە دەستەبەری كۆمەڵایەتی (الضمان الإجتماعي)یش دەگرێتەوە بە مەرجێك خاوەنكار تەواوی پارەی كەڵەكەبووی بەشدارییەكان بەشێوەی کاش بە یەكجار بدات لەماوەی دەستنیشانكراو لەسەرەوە.
 
- لێخۆشبوونی تەواوی سزای دواكەوتن و سوود لەسەر باج و رەسمی كەڵەكەبوو بە مەرجێك تەواوی باج و رەسم بدرێت بە حكومەت لەو ماوەی هاتوو لە بڕگەی 1ـی سەرەوە.
 
- بڕگەگەكانی سەرەوە خودی باج و رەسم ناگرێتەوە كە بەپێی دەستوور دەبێت لە چوارچێوەی یاسادا لێخۆشبوون لە رەسم و باج رێكبخرێت و قەرزە بازرگانییەكانیش ناگرێتەوە كە بە كۆمپانیا و بەڵێندەر و وەبەرهێنەران دراون وەك ئاسانكاری بانكی لە لایەن بانكە بازرگانییەكانەوە و لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2020 رێكخراوە.
 
- پێدانی دەسەڵات بە وەزیری دارایی و ئابووری بۆ پێشكەشكردنی هەموو جۆرە ئاسانكارییەك لە چوارچێوەی یاسا بەكاربەرەكان بەشێوازی (تقسیط)یشەوە بۆ پێدانی باج و رەسمی كەڵەكەبوو بە مەرجێك داواكاری بۆ سوودمەندبوون لەو ئاسانكارییە پێشكێش بكرێت لە ماوەی هاتوو لە بڕگەی 1ـی سەرەوە.
 
بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانی پڕۆژە بچووکەکانی گەنجان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەروەها گوتیشی: "لێخۆشبوونی 15٪ـی ئەنجوومەنی وەزیران رۆڵی هەبووە لەوەی بەشێک لە گەنجان قەرزەکانیان بگەڕێنەوە، بەهۆیەوە 53 ملیار و 722 ملیۆن دینار بۆ حکومەت گەڕاوەتەوە. ئێستا نزیکەی 23 ملیار و 159 ملیۆن دیناری پارەی حکومەت لای گەنجان ماوەتەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.