ژووری بازرگانیی ئێران - عێراق بۆ رووداو: یەک لەسەر چواری هەناردەی ئێران بۆ عێراق بۆ هەرێمی کوردستانە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی بۆردی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق دەڵێت، ساڵانە ئێران بایی 10 ملیار دۆلار کاڵا هەناردەی عێراق دەکات و لەو بڕە نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری بۆ هەرێمی کوردستانە. دەشڵێت، "لەدوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانییەوە بۆ تاران، بەشێک لە کێشەکانی نێوانمان چارەسەر بوون و ئێستا بیر لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانمان دەکەینەوە."
 
رۆژی هەینی 14ی حوزەیرانی 2024 سەید حەمید حوسێنی، ئەندامی بۆردی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق میوانی بوولتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی کرد و، رایگەیاند، "سەردانی سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ئەوەش دوای سێ ساڵ ئاڵۆزیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران. سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران، بەشێک لەو ئاڵۆزییانەی رەواندەوە؛ ئێستا زەوینەیەکی لەبار خوڵقاوە بۆئەوەی بیر لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان بکەینەوە."
 
سەید حەمید حوسێنی دەڵێت، "لە دوو مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا جگە لە گاز و کارەبا، بایی ملیارێک و 600 ملیۆن دۆلار کاڵامان هەناردەی عێراق کردووە، کە ئەو ئامارە پیشانمان دەدات، مانگانە بایی 800 ملیۆن دۆلار کاڵا هەناردەی عێراق دەکەین."
 
لەبارەی دۆخی بازرگانی لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، ئەو ئەندامەی بۆردی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق گوتی، "پار پەیوەندیی بازرگانیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان باش نەبوو، واتە لە کۆی 10 ملیار دۆلار هەناردەمان بۆ عێراق، نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆنی بۆ هەرێمی کوردستان بوو، ئەوەش هۆکاری خۆی هەیە. بۆ نموونە، لەو 10 ملیار دۆلارەی هەناردەی عێراق دەکرێت، دوو ملیار و 500 ملیۆنی بۆ کارەبایە کە بە خۆشحاڵییەوە هەرێمی کوردستان لەڕووی کارەباوە گرفتێکی نییە و پێویستی بە هاوردەکردنی گاز و کارەبا نییە."
 
سەید حەمید حوسێنی گوتی، "دووەم گەورەترین هەناردەی ئێران بۆ عێراق شیش و پۆڵایە، لەو رووەشەوە هەرێمی کوردستان چەندین کارگەی گەورەی شیشی هەیە و گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی، واتە دوو کاڵای سەرەکیی ئێران کە هەناردەی عێراق دەکرێن، هەرێمی کوردستان پێویستی پێیان نییە. ئەگەر ئەو دوو بابەتە وەلانێین، پشکی هەرێمی کوردستان لە هەناردەی ئێران بۆ عێراق نزیکەی 40%ـە."
 
ئەو ئەندامەی بۆردی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق نیازی وڵاتەکەی بۆ زیاترکردنی بازرگانی لە عێراق دەخاتەڕوو و دەڵێت، "عێراق ساڵانە لەنێوان 67 ملیار بۆ 75 ملیار دۆلار کاڵا هاوردە دەکات، پشکی ئێمە لەو بڕە هەر لە 10 ملیار دۆلارە کە ئەمەش بەلای ئێمەوە کەمە، بەڵام بۆ ئەم ساڵ پێشبینی دەکەین ئەو ئاستە بگاتە 12 ملیار دۆلار و پلانمان هەیە لە ساڵانی داهاتوودا بەرزتری بکەینەوە."
 
حکومەتی عێراق گاز و کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەکات و بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە بۆسەر ئەو وڵاتە، بانکی ناوەندیی عێراق نەیدەتوانی پارەی گاز و کارەبای ئێران بداتەوە و ئەوەش وای کردبوو پارەیەکی زۆری ئێران لە بانکەکانی عێراقدا کەڵەکە بێت. سەید حەمید حوسێنی دەڵێت، "بەم دواییانە ئەمریکا مۆڵەتی دایە بانکی تی بی ئای عێراق بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە عێراق بتوانێت بەشێک لە قەرزەکانی بداتەوە ئێران. بۆ بازرگانیکردنی ئازادیش ئەمریکا بەشێک لەو بانکانەی عێراقی کە پێشتر خرابوونە لیستی رەشەوە، لەو لیستە هێنایە دەرەوە، بەڵام کێشەی بازرگانانمان ئەو نرخە بوو کە بانکی ناوەندی بۆ بەهای دۆلار دەستنیشانی کردووە کە 20% کەمترە لە نرخی بازاڕ، دوای گفتوگۆکردن ئێستا ئەو جیاوازییەمان گەیاندووەتە 10%."
 
مانگی رابردوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چووە تاران و بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئەو وڵاتە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئێران؛ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە.