رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق خشتەى بودجەى 2024ى رەوانەى سەرۆکایەتى کۆمار کرد بە مەبەستى پەسندکردنى لەلایەن سەرۆککۆمارەوە بۆ ئەوەى بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەى نووسراوێک کە سەفوان گەرگەرى، ئەمیندارى گشتیى پەرلەمانى عێراق لە 12ى حویزەران ئاڕاسەى سەرۆکایەتى کۆمارى کردووە، دەقى بڕیارى پەرلەمانى بۆ ناردووە لە بارەى پەسەندکردنى خشتەى بودجەى 2024.
3ى حوزەیران پەرلەمانى عێراق خشتەى بودجەى پەسەند کرد کە 211 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستانیش لەو ژمارەیە زیاتر لە 20 تریلیۆن دینارە.
بڕیارى ژمارە 64ى پەرلەمان کە رەوانەى سەرۆکایەتى کۆمار کراوە، تایبەتە بە وردەکارى خەمڵاندنى بودجە بۆ ساڵى 2024، بۆ ئەوەى ئەو گۆڕانکارییانە لە بودجەکە بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەبێت لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوبکرێتەوە.
سەگفان سندى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنی پارتى دیموکراتى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "خشتەى بودجەکە نێردراوە بۆ سەرۆکایەتیى کۆمار، لەدواى پەسندکردنى و بڵاوکردنەوى لە رۆژنامەوى وەقائیعى عێراقى کارى پێدەکرێت و لەو رۆژەوە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەکە زیاد دەکات".
پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى عێراق بەراورد بە ساڵى 2023، نزیکەى چوار تریلیۆن دینارى زیاد کردووە، زۆرینەى زیادکرنەکە بۆ خەرجى وەبەرهێنانە.
مادەى 129ى دەستوور ئاماژە بەوەدەکات دەبێت یاساکان لە رۆژنامەى فەرمى بڵاوبکرێنەوە و لە رۆژى بڵاوکردنەوەیان دەکەنەوە بوارى جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەى مادەى 73ى دەستوور، ئەگەر پەرلەمان یاسایەک ئاڕاستەى سەرۆکایەتى کۆمار بکات بۆ پەسندکردنى، دواى 15 رۆژ لە رادەستکردنى ئەگەر سەرۆککۆماریش واژۆى نەکات، بە پەسندکراو هەژمار دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ