بڕیار رەشید: TBI نەبووە و نابێتە بەشێک لە پڕۆژەی هەژماری من
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بە هیچ جۆرێک بانکی بازرگانیی عێراقی 'تی بی ئای' نەبووەتە بەشێک لە پڕۆژەی هەژماری من و هیچ رێککەوتن و لێکتێگەیشتنێک لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو بانکەدا واژۆ نەکراوە، بانکەکەش ئامادەنییە ببێتە بەشێک لە پرۆسەی هەژماری من.
د. بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی ئابووریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، لەگەڵ بەرپرسان و بەڕێوەبەری گشتیی بانکی بازرگانیی عێراق 'تی بی ئای' کۆبوونەتەوە و بەرپرسانی بانکەکە پێیان گوتوون کە بەهیچ شێوەیەک نەبوونەتە بەشێک لە پڕۆژەی هەژماری من.
بە گوتەی بڕیار رەشید، هیچ گرێبەست و رێککەوتن و لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی بازرگانی عێراق واژۆ نەکراوە تاوەکو ئەو بانکە بچێتە ریزی ئەو بانکانەی لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشدارن.
ئەوەش لەکاتێکدا ئەمڕۆ سێشەممە، 14 ئایاری 2024 بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI) رایگەیاند، پابەندن بە بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە و چاوەڕوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆئەوەی لیستی ناوی فەرمانبەرانیان بۆ بنێرن.
بانکە عێراقییەکە لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە رۆژی دووشەممە بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، بەهۆی ئەو داواکارییە زۆرەی بۆ روونکردنەوە لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانەوە پێیان دەگات، دەیەوێت جەخت لەسەر پابەندبوونی بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەبارەی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانەوە بکاتەوە.
"مووچە دوادەکەوێت"
ئەگەرچی بڕیاربوو 25ی مانگی نیسان مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە رەوانەبکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێکی مووچەکە رەوانەکراوە و هێشتا مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و چەند دامەزراوەیەکی هەرێمی کوردستانیش بۆ مانگی نیسان نەنێردراون. لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی مووچەشەوە، د. بڕیار رەشید، گوتی: بەجێنەکردنی مووچە و جێبەجێنەکردنی نێوەڕۆکی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، هۆکاری سەرەکی دروستبوونی کێشە و دواکەوتنی مووچەن.
بڕیار رەشید دەڵێت: تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەنگاوێکی بۆ بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران و جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵی نەناوە، تەنانەت مووچەی یەک فەرمانبەر بەجێنەکراوە، هەر بۆیە تاوەکو بەجێکردنی مووچە دەستپێنەکات، لە هەرێمی کوردستان دواکەوتن و دروستبوونی کێشە بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆران لەلایەن عێراقەوە چاوەڕوانکراوە.