شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گەیشتە ئەو شارە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 14-05-2024، گەیشتووەتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق کۆببنەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شاندەکە بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابورییە و ئامانج لە سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەسەر هەمواری خشتەکانی یاسای بودجە، چارەسەرکردنی ئەو گرفت و ئاستەنگانەی لەکاتی هەمواری یاساکە بۆ پشکی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت.
سەردانی شاندەکە، دوای سەردانی نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دێت کە ئەمڕۆ لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دادوهر جاسم محهمهد عەبوود، سهرۆكى دادگهى باڵاى فيدراڵی و فایەق زێدان، سهرۆكى ئهنجوومهنى باڵاى دادوهريى عێراق کۆبووەوە.
بڕیاربوو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، گفتوگۆ لەبارەی هەمواری یاسای بودجەی عێراق بکرێت، کە چەند مادەیەکی تایبەتن بە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییان تێدا بکرێت.
بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، محەممەد شیاع سوودانی گفتوگۆی لەبارەی هەمواری یاسای بودجە دواخستووە بۆ رۆژی یەکشەممەی داهاتوو و بە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی گوتووە، "ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، گفتوگۆ لەبارەی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەین. پێویستە ئەو گفتوگۆیە بۆ رۆژی یەکشەممە دوابخەین."
هەروەها گوتوویەتی، "سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا گفتوگۆ لەبارەی هەموارەکە دەکات و پەسندی دەکات، دواتر دەینێرنە پەرلەمانی عێراق تاوەکو دەنگی لەسەر بدرێت."
پێشتر، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، مەبەست لە سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، پارێزگاریکردنە لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.