یەدەگی زێڕی عێراق گەیشتە 145 تۆن

رووداو دیجیتاڵ 

لە مانگێکدا عێراق زیاتر لە سێ تۆن لە یەدەگی زێڕەکەی زیاد دەکات. بەپێی دوایین داتاکانی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی، ئێستا عێراق خاوەنی زیاتر لە 145 تۆن زێڕە.
 
بەپێی دوایین داتاکانی سندووقەکە عێراق لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا یەدەگی زێڕی بە بڕێکی بەرچاوە زیادکردووە و زیاتر لە سێ تۆن و 79 کیلۆی خستووەتە سەر یەدەگەکەی. بەمەش کۆی یەدەگەگەی گەیشتووەتە 145 تۆن و 661 کیلۆ.
 
بەپێی سندوقەکە، زیادکردنی یەدەگی زێڕ نیشانەی سەقامگیریی دارایی و نەختینەیە.
 
پێش زیادکردنی ئەو سێ تۆن زێڕە، عێراق لەسەر ئاستی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە پلەی پێنجەمدا بوو، بەڵام ئێستا لە پلەی چوارەم دێت. سعودیە بە 323 تۆن لە پلەی یەکەم دێت، لوبنان بە 289 تۆن و جەزائیریش بە 173 تۆن لە پلەکانی دووەم و سێیەم دێن.
 
جەمال عەبدولجەبار، سەرۆکی سەندیکای وزە و پیشەسازی و کانزاکان لە عێراق، بە رووداوی گوت: "زیادکردنی یەدەگی زێڕ کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی بازاڕ دەبێت، خەڵک هەرچەندە سەقامگیریی ئەمنی و سیاسیی درک پێبکات زێڕ دەكڕێت، ئەمە بۆ جیهان و ئابووریی جیهانیش وایە."
 
مانگی نیسانی ساڵی رابردوو یەدەگی زێڕی عێراق 132 تۆن بوو، لە مانگی نیسانی ئەم ساڵیش گەیشتە 142 تۆن زێڕ. واتە لە ماوەی ساڵێکدا 10 تۆن لە یەدەگەکەی زیاد بووە.