قەرزە نێوخۆییەکانی عێراق گەیشتوونەتە 77 تریلیۆن دینار
رووداو دیجیتاڵ
قەرزە نێوخۆییەکانی عێراق لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە 7 تریلیۆن دینار و بە رێژەی 10.39٪ زیادیکردووە کە شەش تریلیۆن دینارییان قەرزی بانکەکانی حکومەتە.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی دامەزراوەی عێراقی ئایندە بۆ لێكۆڵینەوە و راوێژی ئابووری، قەرزە نێوخۆییەکانی عێراق بەراورد بە مانگی نیسانی ساڵی 2023، حەوت تریلیۆن و 246 ملیار و 524 ملیۆن دینار زیادیکردووە.
قەرزەکە لە نیسانی 2023دا 69 تریلیۆن و 720 ملیار دینار بوو، لە نیسانی ئەم ساڵ بۆ 76 تریلیۆن و 976 ملیار دینار بەرزبووەتەوە.
هەروەها تەنیا لە یەک مانگدا بڕی قەرزە نێوخۆییەکانی عێراق 3 تریلیۆن و 719 ملیار دینار زیادیکردووە، لە کاتێکدا لە ئاداری ئەم ساڵ 73 تریلیۆن و 247 ملیار دینار بووە، لە نیسانی ئەم ساڵ گەیشتووەتە 76 تریلیۆن و 967 ملیار دینار.
مەنار عوبەیدی، دامەزراوەی عێراقی ئایندە بۆ لێكۆڵینەوە و راوێژی ئابووری، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قەرزە نێوخۆییەکانی عێراق بەشێوەیەک زیادیان کردووە ئێستا 20٪ـی بەرهەمی نێوخۆیی پێکدەهێنن، زیادبوونەکە لە یەک مانگی ئەمساڵ زیاتر لە سێ تریلیۆن دینار بووە، لە کاتێکدایە بەهای نەوت بەرزە و عێراق بۆ داهاتەکانی بەشێوەیەکی زۆر پشت بە نەوت دەبەستێت، ئەم زیادبوونە لە قەرزەکان بە گشتی چی نێوخۆیی بێت یان دەرەکی خراپە."
بەپێی لێکۆڵینەوەکەی دامەزراوەی عێراقی ئایندە بۆ لێكۆڵینەوە و راوێژی ئابووری قەرزەکانی نێوخۆیی عێراق بەمشێوەیەن:
- کۆی قەرزی نێوخۆیی:
نیسانی پار: 69 تریلیۆن و 720 ملیار دینار
ئاداری ئەم سال: 73 تریلیۆن و 247 ملیار دینار
نیسانی ئەم ساڵ: 76 تریلیۆن و 967 ملیار دینار
- جۆری قەرزەکانی نێوخۆیی:
حەواڵەی گەنجینە لەلای بانکەکانی بازرگانی:
نیسانی پار: 5 تریلیۆن و 677 ملیار دینار
ئاداری ئەم ساڵ: 4 تریلیۆن و 825 ملیار دینار
نیسانی ئەم ساڵ: 9 تریلیۆن و 50 ملیار دینار
- قەرزەکانی وەزارەتی دارایی:
نیسانی پار: 1 تریلیۆن و 555 ملیار دینار
ئاداری ئەم ساڵ: 1 تریلیۆن و 255 ملیار دینار
نیسانی ئەم ساڵ: 1 تریلیۆن و 255 ملیار دینار
- قەرزەکانی بانکەکانی حکومەت:
ئاداری ئەم ساڵ: 6 تریلیۆن دینار
- حەواڵەکانی داشکێندراو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە:
نیسانی پار: 44 تریلیۆن و 202 ملیار دینار
ئاداری ئەمساڵ: 41 تریلیۆن و 393 ملیار دینار
نیسانی ئەمساڵ: 40 تریلیۆن و 893 ملیار دینار
- قەواڵە:
نیسانی پار: 2 تریلیۆن و 40 ملیار دینار
ئاداری ئەم ساڵ: 4 تریلیۆن و 878 ملیار دینار
نیسانی ئەم ساڵ: 4 تریلیۆن و 873 ملیار دینار
- قەرزی دامەزراوە داراییەکان:
نیسانی پار: 16 تریلیۆن و 244 ملیار دینار
ئاداری ئەم ساڵ: 14 تریلیۆن و 894 ملیار دینار
نیسانی ئەم ساڵ: 14 تریلیۆن و 894 ملیار دینار