دادگەی فیدراڵی سکاڵایەکی لەبارەی هەرزانکردنی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان رەتکردەوە

14-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی فیدراڵی سکاڵای پەرلەمانتارێکی کوردی رەتکردەوە کە داوایکردبوو نرخی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بێت.
 
رۆژی دووشەممە دادگەی فیدڕاڵیی عێراق تاوتوێی سکاڵای پەرلەمانتار نەهرۆ رواندزی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی کرد و سكاڵاکەی رەتکردەوە. 
 
دادگەی فیدراڵی لە هۆکارەکانی رەتکردنەوەی سکاڵاکەدا رایگەیاندووە :"سکاڵاکە لەبارەی تانەلێدان لە بڕیاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 3004/2222021 لە 29ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2022، بەهۆی نەبوونی مەرجی بەرژوەندیی پێویست بۆ تۆمارکردنی بەردەست نەبووە، هۆکاری رەتکردنەوەی سکاڵاکە لەسەر سکاڵالێکراوی دووەمیش ئەوەیە بڕیارەکە هیچ پێشێلکارییەکی پرەنسیپی یەکسانیی تێدا نییە."
 
سکاڵاکە لە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت تۆمارکرابوو، سکاڵاکار داوای کردبوو دادگە رێکارەکانی وەزارەتی نەوت لە دیاریکردنی بڕ و نرخی بەرهەمە نەوتییەکانی فرۆشراو بە هەرێمی کوردستان بە نادەستووری بزانێت و وەزارەتی نەوت پابەند بکات بە پرەنسیپی یەکسانی لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق . بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بە هەمان نرخ
 دابین بکات.
 
جیاوازیی زۆر دیار لە دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە نرخی بەنزین و نەوتی ماڵاندا هەیە. لە پارێزگاکانی عێراق نرخی لیترێک بەنزین بە 450 دینارە، بەڵام جۆرە جیاوازەکانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان تاوەکو 1200 دیناریش دەڕوات بۆ یەک لیتر.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە